سەردێڕ:

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا سەرقاڵی دەستگیرکردنی کۆچبەران و دیپۆرتکردنیانە بۆ رواندا

PM:09:00:01/05/2024

1968 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا دەستی کردووە بە گرتنی کۆچبەران و ناردنیان بۆ رواندا. وتیشی، "دوێنێ یەکەم کۆچبەر بە رەزامەندی خۆی رەوانەی رواندا کرا".


ئەمڕۆ چوارشەممە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیاوە بڕیار دراوە ئەمساڵ نزیکەی شەش هەزار کۆچبەری نایاسایی بە فڕۆکە دیپۆرتی رواندا بکرێن.

ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا دەستی کردووە بە گرتنی کۆچبەران و ناردنیان بۆ رواندا و دوێنێ سێشەممە، یەکەم کۆچبەر بە رەزامەندی خۆی رەوانەی رواندا کرا.

باسی لەوەش کرد، ئەو کۆچبەرانەی دیپۆرتی رواندا دەکرێن، ئەگەر ئەگەر لەلایەن حکومەتی روانداوە وەربگیرێن ئەوا دەتوانن لەو وڵاتە بمێننەوە، بەڵام ئەگەر وەرنەگیرێن دەتوانن داوای ناردنەوەیان بۆ وڵاتی خۆیان بکەن.

دوای چەند جارێک مشتومڕکردن لەبارەی پڕۆژەیاسای ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا و رەتکردنەوەی لە ئەنجومەنی لۆردانی بەریتانیاوە، رۆژی ٢٣ـی نیسانی ٢٠٢٤ لەلایەن پەرلەمانی بەریتانیاوە پڕۆژەیاساکە پەسەند کرا.

بڕیاری ناردنی کۆچبەران بۆ وڵاتی رواندا لە کیشوەری ئەفریقا ئەو کۆچبەرانە دەگرێتەوە کە لە یەکەم رۆژی ساڵی ٢٠٢٢ـەوە بەڕێگای نایاسایی ئاوی، ئاسمانی، وشکانی گەیشتونەتە بەریتانیا.
ژیان عەلی - بەریتانیا













گەلەری