سەردێڕ:

سەرەتای سەرهەڵدانی رۆژی کرێکاران؛ مێژووەکەی چییە؟

PM:06:46:01/05/2024

1492 جار خوێندراوەتەوە

رۆژی یه‌کی ئایار وه‌ک رۆژێک بۆ چینی کرێکار له ‌میژوودا په‌یوه‌سته‌ به‌ خه‌باتی کرێکارانەوه‌، کە تیایدا داوایان دەکرد کاتژمێرەکانی کارکردنیان بۆ هەشت کاتژمێرلە رۆژێکدا بۆ کەم بکرێتەوە، ئه‌م رۆژه‌ش لە سەدەی نۆزدە‌‌وه‌ له‌ ئه‌مریکا کراوه‌ به‌ رۆژی پشوو.


ئەمڕۆ چوارشەممە ١ـی ئایاری ٢٠٢٤، بە رۆژی کرێکاران لە جیهاندا دادەنرێت و لەپێناو دانانی پێوانەیەكی هاوبەش بۆ ماوەی كاركردنی رۆژانە سەری هەڵداوە و ھەموو ساڵێک لەم رۆژەدا لە نزیکەی ھەشتا وڵاتی جیھانی پشووی فەرمییە.

بیرۆکەی رۆژی جیهانیی کرێکاران

سەرەتای بیرۆکەی رۆژی کرێکاران دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی ٢١ـی نیسانی ١٨٥٦، کاتێک کرێکارانی ئوسترالیا لە پێناوی چەسپاندنی هەشت کاتژمێر کارکردنی رۆژانەدا گرد بوونەوە.

ئەگەرچی چالاکییەکەی ئەو کرێکارانە لە رۆژی ٢١ـی نیسان دا بوو و لە سەرەتادا تەنها کرێکارانی ئوسترالیا مەراسیمیان کردەوە، بەڵام هەر زوو دەنگدانەوەی بە دوای خۆیدا هێناو بڕیاردرا هەموو ساڵێک ئەو یادە بکرێتەوە.

سەرهەڵدانی رۆژی جیهانیی کرێکاران

١ـی ئایار كە لە ئەنجامی خەباتی كرێكارانی ئەمریكا لە ساڵی ١٨٨٤دا لەپێناو كەمكردنەوەی ماوەی كاركردنی رۆژانە بۆ هەشت كاتژمێر سەری هەڵدا و ساڵی ١٨٨٦ مانگرتنەكان بەجۆرێك فراوان بوون، بابەتەكە بووە پرسێكی جیهانی.

پاش دوو ساڵ و لە یەکی ئایاری ١٨٨٦ـدا، زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کرێکار لە ئەمریکا لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە خراپی بارودۆخی کارکردن مانیان گرت و تەنیا لە ویلایەتی شیکاگۆدا ژمارەی کرێکارانی مانگرتوو ٤٠ هەزار کەس بوو.

دواتر مانگرتن و خۆپیشاندانی کرێکاران لەگەڵ پۆلیسدا گرژی تێکەوت و کاتێک پۆلیسەکان هەوڵی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەرانیان دا، بۆمبێک فڕێدرایە ناو پۆلیس و خۆپیشاندەرانەوە و بووە هۆی گیان لەدەستدانی چوار کەسی مەدەنی و حەوت ئەفسەری پۆلیس و برینداربوونی زیاتر لە ٦٠ پۆلیس و ١١٥ کەسی مەدەنی.

پاش سێ ساڵ، لە کۆنفرانسی رێكخراوی نێودەوڵەتیی برایەتیی كرێكاران كە ساڵی ١٨٨٩ لە پاریس بەڕێوە چوو، بڕیار درا رۆژێك وەک رۆژی جیهانیی كرێكارانی جیهان دەستنیشان بكرێت و لەسەر پێشنیازی سەندیكاكانی ئەمریكا، ئەو رۆژە بە ١ـی ئایار دیاری كرا.

لە چەندین وڵاتی جیهان ١ـی ئایار وەك "جەژنی كرێكاران"، "رۆژی جیهانیی كرێكاران"،"جەژنی رەنجدەران" و چەندین ناوی دیكە یاد دەكرێتەوە و كراوەتە پشووی فەرمی.

لە هەرێمی کوردستانیش بەهۆی سیاسەتی هەڵەی دەسەڵاتدارانەوە، کرێکاران ژیانێکی سەخت بەڕێ دەکەن، سەرەڕای ئەوەش بەهۆی نەبوونی مەرجی سەلامەتییەوە ژمارەی ئەو کرێکارانەی دەبنە قوربانی روو لە بەرزییە.













گەلەری