سەردێڕ:

بەهۆی کەوتنی رەمپەی بارهەڵگرێک بەسەریدا؛ هاوڵاتییەک گیانی لەدەستدا

PM:05:41:01/05/2024

2236 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەکاتی کارکردندا رەمپەی بارهەڵگرێک کەوتووە بەسەر هاوڵاتییەکدا و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، عەلی جەمال قەدوری وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە ناوچەی پیشەسازی کەلار، لەکاتی کارکردنی دوو پیشەوەردا هاوڵاتییەک بە نزیک بارهەڵگرێکدا تێپەڕیوە و لەوکاتەدا رەمپەی بارهەڵگرەکە بەسەر ئەو هاوڵاتییەدا کەوتووە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو هاوڵاتییە لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٩ بووە و دانیشتووی گوندێکی کەلار بووە.

ئەوەشی خستە روو، لە ئێستادا دوو پیشەوەر کە کاریان لە بارهەڵگرەکەدا کردووە لەگەڵ شۆفێری بارهەڵگرەکەدا بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ٤١١ی سزادانی عێراقی بەند کراون و پۆلیس لەسەر چۆنیەتی روودانی رووداوەکە دەستی بەلێکۆڵینەوە کردووە.

بڕیار جاف – کەلار













گەلەری