سەردێڕ:

سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکاران: دۆخی كرێكاران لە هەرێمی كوردستان زۆر خراپە

PM:04:44:01/05/2024

800 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکاران لە ناڤینی رۆژی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، دۆخی كرێكاران لە هەرێمی كوردستان زۆر خراپە.


چالاک رەوف سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکاران لە ناڤینی رۆژی ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، دۆخی كرێكاران لە هەرێمی كوردستان زۆر خراپە، چونکە مەرجەکانی سەلامەتی پیشەیی جێبەجێناکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت و دەوڵەتەکان لەسەر هێز و بازووی کرێکاران بونیادی ژێرخانی وڵاتەکەیان دەنێن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمڕۆ کە ١ی ئایارە لە فەرمانگە حکومییەکاندا پشووە، بەڵام کرێکاران کار دەکەن.

دەشڵێت، یاسا کاری کرێکارەکانی رێکخستووە و دەبێت کرێکار سەرپشک بێت لەوەی لە ١ی ئایاردا کار دەکات یان نا، ئەگەر کاری کرد پارەی دوو هێندەی بۆ حساب بکرێت.

وتیشی، حكومەتی كاربەڕێكەر هاوكاری كرێكارانی نەكردووە و كرێكاران لە هەرێمی كوردستان مافەكانیان پێنادرێت و پێشێل دەكرێت،لەکاتێکدا یاسای کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەیە.

ئەوەشی خستەڕوو، هەر لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا ٧ کرێکار گیانیان لەدەستداوە، کە دوایین کرێکاریان دوێنێ سێشەممە بوو لەدوای کاتی فەرمی کارکردن کە لە کاتژمێر ٤ کاریان تەواو دەبێت.

ئەمڕۆ ١ی ئایار رۆژی جیهانی کرێکارانە و لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان پشووی فەرمییە، لە ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکەش یەکەم دووشەممەی مانگی ئەیلول بە رۆژی جیهانی کرێکاران دانراوە.

رۆژی جیهانی کرێکاران تەنها ئەو کرێکارانە ناگرێتەوە کە لە باڵەخانە و کارگە پیشەسازییەکاندا کار دەکەن، بەڵکو سەرجەم ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە کەرتی تایبەت کاردەکەن و پابەندن بە کاتێکی دیاریکراوی کارکردنی رۆژانە و لە بەرامبەردا مووچەیەک وەردەگرن.













گەلەری