سەردێڕ:

هیندستان؛ عێراق لە ریزبەندی یەکەمی وڵاتانی عەرەبی هەناردەکاری نەوت بووە بۆمان

PM:02:04:01/05/2024

816 جار خوێندراوەتەوە

ناوەندی کارگێڕی گومرگی هیندستان رایگەیاند، لەماوەی مانگی نیسانی ئەمساڵدا بە تێکڕا بۆ هەر رۆژێک زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتیان بۆ پڕکردنەوەی پێوستی وێستگەکان و یەکەکانی وەبەرهێنان لە عێراقەوە هاوردە کردووە. دەشڵێت، "ئاستی هاوردەکردنی نەوتی عێراق دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام هێشتا لە پلەی یەکەمی وڵاتانی عەرەبیدا ماوەتەوە".


ئەمڕۆ چوارشەممە، ناوەندی کارگێڕی گومرگی هیندستان لەبارەی ئاستی هاوردەکردنی نەوتی وڵاتانی عەرەبیەوە بە ئاژانسی هەواڵی نیو دەلهی راگەیاند، ئاستی هاوردەکردنی نەوت لە مانگی رابردوودا بەرێژەی ١٧٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە دیوە و ئەوەش هاوکار بووە لە پڕکردنەوەی پێویستی ناوخۆ بە رێژەیەکی بەرز.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ناو وڵاتانی عەرەبیدا ئاستی هاوردەکردنی نەوتی عێراق لە مانگی نیساندا بەراورد بە مانگی ئازار ٢٠٪ دابەزینی بەخۆیەوە دیوە کە ئەوەش پێشبینی دەکرێت بەهۆی میکانیزمەکانی پابەندبوونیان بێت بە بڕیارەکانی ئۆپیک پڵەس، بەڵام سەرەڕای ئەوەش لە پلەی یەکەمدایە.

ئەوەش خراوەتە روو، عێراق هەناردەکارێکی گرنگی نەوتە و لە ریزبەندی یەکەمی وڵاتانی عەرەبیدایە بۆ هندستان و پێشبینیش دەکەن دوای سەقامگیربوونی بازاڕ عێراق مانگانە زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕەکانی هندستان بکات. وتیشی، "لە مانگی رابردوودا رۆژانە بە تێکڕا بڕی یەک ملیۆن و ٢٣ هەزار و ٢٠٠ بەرمیل نەوتمان لە عێراقەوە هاوردە کردووە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی ١٠ـی حوزەیرانی ساڵی رابردوو هەردیپ سینگ وەزیری نەوتی هیندستان رایگەیاند، لە ئێستادا ئاستی هاوردەکردنی نەوتی عێراق نزیکی ٩٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانەیە، بەڵام وڵاتەکەی دەیەوێت کڕینی رۆژانەی نەوتی عێراق بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل زیاد بکات.













گەلەری