سەردێڕ:

راوێژکاری سودانی بۆ ئێن ئاڕ تی: بە میکانیزمێکی نوێ قەرزەکانمان دەدەینەوە

PM:01:23:01/05/2024

4188 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری دارای و ئابووریی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ئێستادا قەرزی دەرەکی بەراورد بە ساڵی رابردوو بەرێژەی ٣٠٪ کەم بووەتەوە و بە تێکڕاش نۆ ملیار دۆلار ماوەتەوە کە دەکرێن بە چەند گوژمەیەکی جیاواز لە داهاتی نانەوتی بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەکان. دەشڵێت، "تاوەکو ساڵی ٢٠٢٨ هەموو قەرزە دەرەکی و ناوخۆییەکانمان دەدەینەوە و هیچ قەرزێکمان لەسەر نامینێت".


ئەمڕۆ چوارشەممە، مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی قەرزی دەرەکییەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بە گوێرەی رێکەوتنەکانی عێراق و بانکی نێودەوڵەتی میکانیزمی دانەوەی قەرزی دەرەکی لە دانەوەی راستەوخۆ بۆ چەند گوژمەیەک گۆڕاوە کە لە ساڵانی رابردوودا راستەوخۆ دەدرانەوە و ئەوەش دەبووە هۆی فراوانبوونی ئاستی کورتهێنانی بودجە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەمەبەستی پاراستی ئاستی هەڵاوسانی ناوخۆ و پابەند بوونی عێراق بە گوێرەی رێکەوتنەکە دانەوەی قەرزەکان بەبێ دروستبوونی هیچ گرفتێک بۆ حکومەتی عێراق لە رێگای ١٠ بۆ ١٦ گوژمەی جیاوازەوە دەدرێنەوە.

باسی لەوەش کرد، لە ئێستادا عێراق تەنها نۆ ملیار دۆلاری قەرزی دەرەکی لەسەرماوە کە لە ساڵانی داهاتوو بە دیاریکراویش تا ساڵی ٢٠٢٨ سەرجەم قەرزە ناوخۆی و دەرەکییەکان دەدرێنەوە. وتیشی، "عێراق هەنگاویکی نوێی لە میکانیزمی گەڕاندنەوە قەرزەکان بڕیوە و پێشبینیش دەکەین ئەم هەنگاوانە ببنە دەروازەیەکی نوێ بۆ ئابووری عێراق بە پشت بەستن بە داهاتی نەوتی و نانەوتی".

لێدوانی وتەبیژی حکومەت لەبارەی قەرزی دەرەکیەوە؛

باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، لە ئێستادا قەرزە دەرەکییەکانی عێراق بەرێژەی ٣٠٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینووە و ئەوەش کاریگەری لەسەر ئابووری عێراق دروستدەکات و پێشبینیش دەکرێت لەم ساڵدا قەرزەکان تەواو بکرێن.

بەژداری هەرێم لە دانەوەی قەرزە دەرەکی و ناوخۆییەکان چۆن دەبێت؟

هاوکات لەو بارەیەشەوە وتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، بەگوێرەی بودجەی عێراق هەرێم بەرێژەی ٤٪ـی بەشە بودجەی ساڵانە بەشدار دەبێت لە دانەوەی قەرزەکان کە بۆ هەر ساڵێک ٣٩٠ ملیۆن دۆلاری قەرزی دەرەکی و ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری قەرزی ناوخۆیی دەبێت.

میکانیزم و چۆنیەتی گەڕاندنەوەی قەرزی دەرەکی و ناوخۆیی عێراق؛

رێکاری حکومەتی عێراق بۆ دانەوەی قەرزەکان و بۆ ئەومبەبەستەش نەبیل مەرسومی شارەزای ئابووری و بۆندە ئابوورییەکانی عێراق و مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەی خستەڕوو، لەسەر سیاسەتی دارایی وڵات پێویستە کۆی گشتی قەرزەکان بەشێوەی ساڵانە کەمبکاتەوە، تا لە رێییەوە بتوانرێت رێژەی کورتهێنانی ساڵانەی بودجە نزمبکرێتەوە بەراورد بە دۆخی ساڵانە.

دەشڵێت، "لە رێگەی رێکخستنەوەی داهاتە گشتییەکان و جگە لەوەش داهاتی نانەوتی رێژەکەی بۆ ٢٠٪ بەرزبکاتەوە کە لە ئێستادا گەیشتووەتە ١١٪ بەراورد بە ساڵانی رابردوو".

قەرزە دەرەکییەکانی عێراق لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا؛

عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق ساڵی ٢٠٢١ -٢٠٢٢ رایگەیاند، قەرزە دەرەکیەکان گەیشتووەتە ٥٠ ملیار دۆلاری ئەمریکی و بڕیارە لە ماوەی سێ مانگدا سێ ملیار دۆلار بگەڕێنرێتەوە.وتیشی، " گەر پەرلەمان دەنگ لەسەر گەڕانەوەی ملیاریک دۆلار بۆ هەرماگێک دەربکات ئەوە بەخێرای قەرزەکان تەواو دەکەین".

ئەوەش لە کاتیکدایە، عێراق بۆ داهات بەشێوەی سەرەکی پشتی بە نەوت بەستووە و بە هەرە گرنگترین هۆکاری پەیداکردنی پارە بۆ عێراق دادەنرێت و داهاتی نانەوتی پەیداکراو لە عێراق لە ئێستادا تەنها ٨٪ی داهاتەکان پێکدەهێنێت.

هێڤیدار شعبان – دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی













گەلەری