سەردێڕ:

گرژی و ئاڵۆزییەکانی دەریای سور بەردەوامن

AM:09:16:01/05/2024

1260 جار خوێندراوەتەوە

لە ساڵی رابردووەوە گرژیی و ئاڵۆزییەکانی دەریای سور بەردەوامن و لە نوێترین پێشهاتیشدا فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، لەلایەن گروپە چەکدارەکانی یەمەنەوە لە رێگەی سێ مووشەکی بالیستی و سێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە کەشتییەکی بازرگانی لە دەریای سوردا کراوەتە ئامانج.


فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، لەلایەن گروپە چەکدارەکانی یەمەنەوە سێ مووشەکی بالیستی و سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئاڕاستەی کەشتییەکی بازرگانی یۆنان کراوە لە دەریای سوردا.

باسی لەوەش کرد، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و کەشتییەکەش زیانێکی ئەوتۆی بەرنەکەوتووە کە لەکار بکەوێت.

هاوکات، سوپای ئەمریکا رایگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان خستووەتە خوارەوە کە لەلایەن گروپە چەکدارەکانی یەمەنەوە ئاراستەی دوو کەشتی جەنگی ئەمریکا کرا لە دەریای سوردا.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە گروپە چەکدارەکانی یەمەن هێرشیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سور و کەنداوی عەدەندا دەست پێکردووە و تا ئێستا ١٠٩ کەشتی بەر ئەو هێرشانە کەوتوون و ١٧ کەشتییان زیانی زۆریان بەرکەوتووە و کەشتییەکیش ژێرئاو کەوتووە.













گەلەری