ئەمڕۆ رۆژی جیهانی کرێکارە و پشووی فەرمییە، بەڵام کرێکارانی هەرێم نەک هەر ناتوانن لە رۆژەکەی خۆیاندا پشوو وەربگرن بەڵکو بەدوای کاردا دەگەڕێن و دەڵێن، کاریان دەستناکەوێت و مافەکانیان پارێزراو نییە.
١ـی ئایار رۆژی جیهانی کرێکارانە و کرێکاران لە جیهان لەم رۆژەدا پشوو وەردەگرن و داوای مافەکانیان دەکەن، بەڵام لە هەرێم کرێکاران لە کاتژمێرە زووەکانی بەیانییەوە و پێش هەڵهاتنی خۆر دەستیان بە گەڕان کردووە بەدوای کاردا.
کرێکارانی هەرێم باس لەوە دەکەن، لە هەرێم کاریان دەستناکەوێت و هێنانی
کرێکاری بیانیش کاریگەری خراپتری کردووەتە سەر کارەکانیان چونکە بە نرخێکی کەمتر کاردەکەن.
ئاماژە بەوەش دەکەن، مافەکانیان پارێزراو نییە و ئەگەر هەر زیانێکیان بەربکەوێت
لەکاتی کارکردندا هیچ کەس قەرەبوویان ناکاتەوە و حکومەتی کاربەڕێکەر گرنگی بە ماف
و داواکارییەکانیان نادات.
بەپێی ئامارەکان لە ماوەی پێنج مانگی ئەمساڵدا ١٠ کرێکار گیانیان لەدەستداوە
و ساڵی رابردووش ٧٣ کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
لە ١ـی ئایاری ساڵی ١٨٨٦ لەسەر داوای رێکخراوە پیشەییەکانی کرێکارانی
ئەمریکا زیاتر لە ٩٠ هەزار کرێکار خۆپیشاندانیان کرد و داوایانکرد کاتژمێرەکانی
کارکردنی لە ١٢ کاتژمێرەوە بکرێت بە هەشت کاتژمێر، بەڵام حکومەتی ئەمریکا وەڵامی
داواکانی نەدانەوە و کرێکارانیش بەردەوام بوون لە خۆپیشاندا.
لە ساڵی ١٨٨٩ لەسەر داوای رێکخراوە پیشەییەکانی
کرێکارانی ئەمریکا رۆژی ١ـی ئایار وەک رۆژی جیهانی کرێکاران دیاریکرا و تا ئێستاش
ساڵانە یاد دەکرێتەوە.