سەردێڕ:

ئومێد محەمەد: سودانی و بەرپرسانی عێراق بەڵێنیان داوە کێشە بۆ مووچە دروست نەبێت

PM:11:07:30/04/2024

1848 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هیچ نیازێک لەلایەن عێراقەوە نیە دۆخی مووچە بگەڕێتەوە بۆ دوو مانگ پێش ئێستا و سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵ بەڵێنیان داوە کێشە بۆ مووچە دروست نەبێت.


ئەمڕۆ سێشەممە، ئومێد محەمەد پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم پابەندی بەشێک لە پابەندییەکانی بەرامبەر بەغدا نەبووە، بەڵام هیچ نیازێک لەلایەن عێراقەوە نیە دۆخی مووچە بگەڕێتەوە بۆ دوو مانگ پێش ئێستا.

وتیشی، "ئاواتەخوازین یەکێتی و پارتی قوتی خەڵک تێکەڵ بە هەڵبژاردن و مملانێ سیاسیەکان نەکەن، بەڵام هەموو شتێکی خراپ لەو دوو حزبە چاوەڕێ دەکرێت".

لەبارەی پرسی هەژماری منیشەوە باسی لەوە کرد، ئەوان دەیانەوێت فەرمانبەر ئازادبێت لەهەر بانکێکی عێراقی مووچەکەی وەربگرێت و یەکێتی داواکەی نەوەی نوێی بۆ هەڵوەشاندەوەی هەژماری من واژۆ نەکردو لەگەڵ هەژماری من دایە، چونکە بانکەکانی هەژماری من سەر بە یەکێتی و پارتین.

ئەوەشی خستە روو، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی فەرمانبەر سەرپشک بێت چی بانکێک هەڵدەبژێرێت و قووتی فەرمانبەران تێکەڵی ململانێی سیاسیەکان نەکرێت و هەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف ئەنجام بدرێت.

لەبارەی هەڵبژاردنیشەوە ئومێد محەمەد رایگەیاند، "نازانم کێ ئامۆژگاری پارتی و یەکێتی دەکات هەڵبژاردن دوابخەن کە جگە لە خراپتربوونی دۆخی خەڵک هیچیان نەگۆڕیوە و هەر گرفتێک بۆ قەوارەی هەرێم دروست بێت یەکێتی و پارتی لێی بەرپرس و هەموو هەوڵێک دەدەین هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بکرێت و دواخستنی لەزیانی پارتی و یەکێتیە."













گەلەری