سەردێڕ:

بۆچی هەندێک کەس لەبەردەم تەلەفزیۆنی کارپێکراودا دەخەون؟

PM:10:35:30/04/2024

2748 جار خوێندراوەتەوە

لە کاتێکدا زۆربەی خەڵک پێیان وایە خەوتن لەبەردەم شاشەکاندا دەتوانێت سوڕی سروشتی خەوتن تێکبدات و دوای ئەوە بۆ ماوەیەکی زۆر بەئاگامان بهێڵێتەوە، بەڵام کەسانێک هەن ناتوانن بخەون ئەگەر تەلەفزیۆنەکە کوژابێتەوە.


لە ماڵپەڕی یاهوودا و لە بابەتێکدا بڵاوکراوەتەوە، کە بەزۆری مرۆڤەکان پێویستیان بە بێدەنگی هەیە بۆ ئەوەی بخەون، بەڵام هەندێک کەس بۆ نموونە لەکاتی سەیرکردنی فیلمێکدا خەویان لێدەکەوێت، کە تیایدا دەنگ زۆر بەرز و نزم دەبێتەوە لە هەندێک کاتدا.

لە زاری ئێریک پراتێر، مامۆستای پەیمانگای زانستی دەمارەکانی ویل لە سانفرانسیسکۆ، پسپۆڕێکی دەروونناس کە چارەسەری کەمخەوی دەکات، دەڵێت، "بە تەواوی روون نییە بۆچی هەندێک کەس توانای خەوتنیان هەیە لەبەردەم تەلەفزیۆن، لەکاتێکدا هەندێکی تر ناتوانن وا بکەن".

بەڵام دەڵێت "مێشکمان دەتوانێت دەردانی هەستەکان سنووردار بکات کە رێگەمان پێدەدات بخەوین تەنانەت ئەگەر ژاوەژاویش هەبێت، لەکاتێکدا هەندێک کەس هەستیارترن لە هەندێکی تر و هاندەریان هەیە کە بە ئاسانی ئاگاداریان دەکەنەوە".

مۆلی ئاتوود، یاریدەدەری پرۆفیسۆری پزیشکی دەروونی و زانستە رەفتارییەکان لە زانکۆی جۆنز هۆپکینز، پێی وایە هۆکاری ئاسوودەیی زۆربەی خەڵک لەگەڵ تەلەفزیۆن ئەوەیە کە ژاوەژاوێکی یەکانگیر دابیندەکات کە رێگەیان پێدەدات مێشکیان ئارام بکاتەوە یان سەرقاڵیان بکات

ئەو دەڵێت: "ئێمە سیستەمێکمان لە جەستەماندا هەیە کە هاوشێوەی هاندانی برسێتییە، تا زیاتر بەئاگا بمێنینەوە، ئارەزووی خەوتنمان زیاتر دەبێت"، بەڵام ئەگەر لە حاڵەتی دڵەڕاوکێدا بین، سیستەمێک کە بەرەنگاری خەو دەبێتەوە چالاک دەبێت.

ئەو روونی دەکاتەوە، "تیڤی دەتوانێت رێگە بە خەڵک بدات سەرنجیان لەسەر شتێکی تر بێت، بۆیە دەتوانن خۆیان لەو بیرکردنەوانە بەدوور بگرن کە رەنگە بەئاگایان بهێڵنەوە، هەست بە ئاسوودەیی زیاتر دەکەن و دواتر خەوتن بۆیان ئاسانتر دەبێت."

بەڵام مینا خان، پسپۆڕی پزیشکی خەو لە زانکۆی ویلایەتی ئۆهایۆ دەڵێت، ئەگەر کەسێک بەدەست کێشەی خراپی خەوەوە دەناڵێنێت، لەوانەیە تەلەفزیۆن هۆکارەکەی بێت.

ئەو دەڵێت: "رەنگە تەلەفزیۆن خەو دوابخات، بەتایبەتی ئەگەر ئەو کەسەی سەیری دەکات سەرقاڵی ئەو بەرنامەیە بێت کە پیشان دەدرێت".

لە کاتێکدا جەستەمان سیستمێکی هەیە بۆ پشتگوێخستنی دەنگەکان لەکاتی خەوتندا، بەڵام ناتوانێت هەموو دەنگە دەنگەکان لاببات، گۆڕانی زۆر لە دەنگ یان رووناکی، وەک تەقینەوە لە دیمەنێکی تەلەفزیۆنیدا، دەتوانێت تووشی شۆکمان بکات و لە خەو هەڵسین و خەومان تێکبدات.













گەلەری