سەردێڕ:

کەشناسی: شەپۆلی بارانبارین سێ رۆژ بەردەوام دەبێت

PM:10:02:30/04/2024

15528 جار خوێندراوەتەوە

کەشناسی هەرێم رایگەیاند، بەپێی پێشبینییەکانیان ئەو شەپۆلی بارانبارینەی لە سبەینێوە دەستپێدەکات تاوەکو سێ رۆژ بەردەوام دەبێت. دەشڵێت، ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە.


ئەمڕۆ سێشەممە، کەشناسی هەرێم رایگەیاند، لە سبەینێوە شەپۆلێکی بارانبارین لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێم دەستپێدەکات و هاوڵاتیان لە دروستبوونی لافاو ئاگادار دەکەنەوە.

هاوکات، کەشناسی عێراق ئەوەی خستە روو، پێشبینییەکانیان ئاماژە بەوە دەکەن شەپۆلی بارانبارینەکە لە رۆژی هەینی و شەممەدا لاواز دەبێت، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە گۆڕانکاری رووبدات.

لەوبارەیەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی هەرێم رایگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلی بارانبارینەی رووی لە ناوچەکانی هەرێم کردووە، داوا لە هاوڵاتیان دەکەن دوور بکەونەوە لەو شوێنانەی ئاوی زۆریان لێ کۆدەبێتەوە و دەستکاری هێڵ و تەلەکانی کارەبا نەکەن ئەگەر لەسەر زەوی کەوتبوون. دەشڵێت، وا باشترە لە ماوەی ئەو چەند رۆژەی بارانباریندا هاوڵاتییان بۆ کاتی زۆر پێویست نەبێت سەفەر نەکەن بۆ شارەکان.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی ئەو شەپۆلی بارانبارینەوە ئاگاداری هاوڵاتییان و شۆفێران دەکەنەوە لەپێناو پاراستنی گیانیان دوور بکەونەوە لەو شوێنانەی ئاوی زۆریان لێ کۆدەبێتەوە و بەهیچ شێوەیەک نزیک چەم و دۆل و رووبارەکان نەکەونەوە، چونکە لەوانەیە لە ناکاو ئاستی ئاو بەرز ببێتەوە.

ئەوەشی خستە روو، داوا لە هاوڵاتییان دەکەن دەستکاری هێل و تەلەکانی کارەبا نەکەن ئەگەر لەسەر زەوی کەوتبوون، هەروەها داوا لە ئاژەڵداران و شوانکاران دەکەن دووربکەونەوە لە بەرزاییەکان و ئەو شوێنانەی دار و محاویلەی لێیە لەبەر مەترسی هەورە بروسکە.

باسی لەوەش کرد، وا باشترە لە ماوەی ئەو چەند رۆژەی بارانباریندا هاوڵاتییان بۆ کاتی زۆر پێویست نەبێت گەشت نەکەن و داواش لە شۆفێرانی بارهەڵگر دەکەن هێواش ئۆتۆمۆبیلەکانیان لێ بخوڕن، چونکە بە پێچەوانەوە کارەساتی گەورەی لێ دەکەوێتەوە .


 













گەلەری