سەردێڕ:

لەبارەی شەپۆلی بارانبارینەوە؛ بەرگری شارستانی هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە

PM:06:57:30/04/2024

2752 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی هەرێم رایگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلی بارانبارینەی رووی لە ناوچەکانی هەرێم کردووە، داوا لە هاوڵاتیان دەکەن دوور بکەونەوە لەو شوێنانەی ئاوی زۆریان لێ کۆدەبێتەوە و دەستکاری هێڵ و تەلەکانی کارەبا نەکەن ئەگەر لەسەر زەوی کەوتبوون. دەشڵێت، وا باشترە لە ماوەی ئەو چەند رۆژەی بارانباریندا هاوڵاتییان بۆ کاتی زۆر پێویست نەبێت سەفەر نەکەن بۆ شارەکان.


ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی هەرێم رایگەیاند، شەپۆلێکی بارانبارین رووی لە ناوچەکانی هەرێم کردووە و تاوەکو رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی ئەو شەپۆلی بارانبارینەوە ئاگاداری هاوڵاتییان و شۆفێران دەکەنەوە لەپێناو پاراستنی گیانیان دوور بکەونەوە لەو شوێنانەی ئاوی زۆریان لێ کۆدەبێتەوە و بەهیچ شێوەیەک نزیک چەم و دۆل و رووبارەکان نەکەونەوە، چونکە لەوانەیە لە ناکاو ئاستی ئاو بەرز ببێتەوە.

ئەوەشی خستە روو، داوا لە هاوڵاتییان دەکەن دەستکاری هێل و تەلەکانی کارەبا نەکەن ئەگەر لەسەر زەوی کەوتبوون، هەروەها داوا لە ئاژەڵداران و شوانکاران دەکەن دووربکەونەوە لە بەرزاییەکان و ئەو شوێنانەی دار و محاویلەی لێیە لەبەر مەترسی هەورە بروسکە.

باسی لەوەش کرد، وا باشترە لە ماوەی ئەو چەند رۆژەی بارانباریندا هاوڵاتییان بۆ کاتی زۆر پێویست نەبێت گەشت نەکەن و داواش لە شۆفێرانی بارهەڵگر دەکەن هێواش ئۆتۆمۆبیلەکانیان لێ بخوڕن، چونکە بە پێچەوانەوە کارەساتی گەورەی لێ دەکەوێتەوە .













گەلەری