سەردێڕ:

کۆمپانیای دابەشکردنی غازی کۆرمۆر بۆ ئێن ئاڕ تی: ئەمشەو هەناردەی غاز دەست پێدەکاتەوە

PM:06:21:30/04/2024

2436 جار خوێندراوەتەوە

خاوەنی کۆمپانیای دابەشکردنی غازی کۆرمۆر بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەمشەو هەناردەی غاز لە کێڵگەکەوە دەست پێدەکاتەوە. وتیشی، "دیار نییە لە چی کاتێکدا دەست بە هەناردەی غاز دەکرێتەوە".


ئەمڕۆ سێشەممە، سامان فایەق، خاوەنی کۆمپانیای ساوس کوردستان بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەمشەو هەناردەی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە دەست پێدەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، دیار نییە لە چی کاتێکی ئەمشەودا دەست بە هەناردەی غاز دەکەنەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی ٢٦ـی ئەم مانگە، کاتژمێر ٦:٥٠ خولەکی ئێوارە بۆ هەشتەم جار کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە ئامانج گیرا، بەهۆی هێرشەکانیشەوە، چوار کەس گیانیان لەدەستدا.

دواتر وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بڵاویان کردەوە، بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە و بەوهۆیەوە نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.

لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە ١٦ موشەک و درۆن ئاراستەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر کراوە کە بەهۆیەوە زیاتر لە دوو هەزار و ٥٠٠ مێگاوات لە کارەبا کەمی کردووە لە هەر هێرشێکی مووشەکی و درۆنیدا.

وردەکاری هێرشەکان بۆسەر کێڵگەی کۆرمۆر؛

رۆژی ٢٢ـی ٦ـی ٢٠٢٢؛ کاتژمێر ٤:٤٥ خوولەکی دوای نیوەڕۆ هێرشێک کرایە سەر کۆمپانیای دانەغاز لە سنوری چەمچەماڵ.

رۆژی ٢٣ـی ٦ـی ٢٠٢٢؛ بەلە دووکات و ساتی جیاوازدا هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و زیاتر لە شەش موشەک ئاڕاستەی کێڵگەکە و کۆمپانیای دانەغاز کران لە سنووری قادرکەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ.

رۆژی ٢٤ـی ٦ـی ٢٠٢٢؛ بۆ جاری سێیەم لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا بە موشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر.

رۆژی ٢٥ـی ٦ـی ٢٠٢٢؛ لە رێگای چەند موشەکێکەوە بۆ پینجەم جار لەماوەی ٤٨ کاتژمێری لەسەر یەک هێرش کرایەوە سەر گێڵکەی غازی کۆرمۆر.

رۆژی ٣٠ـی ٨ـی ٢٠٢٣؛ هاوەن و کاتیۆشا هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ناحیەی قادر کەرەم.

رۆژی ٢٥ـی ١ـی ٢٠٢٤؛ بە موشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و ئاگر لە بەشێکی کێڵگەکە کەوتەوە.

رۆژی ٢٦ـی ٤ـی ٢٠٢٤؛ کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە رێگای چەند درۆنێکەوە بۆ هەشتەم جار بە ئامانج گیرایەوە.
دیار محەمەد - کەرکوک













گەلەری