سەردێڕ:

نەوەی نوێ، یەکگرتوو، کۆمەڵ و یەکێتی: هەوڵەکانی دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکەینەوە

PM:05:38:30/04/2024

3260 جار خوێندراوەتەوە

فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ، یەکگرتوو، کۆمەڵ و یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق رایانگەیاند، سەرجەم هەوڵەکانی دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکەنەوە.


ئەمڕۆ سێشەممە، فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ، یەکگرتوو، کۆمەڵ و یەکێتی لە راگەیاندراوێکدا کە واژۆی سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پێوەیە ئاماژەیان بەوە کردووە، بەتوندی هەر هەوڵێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم و ئەنجامنەدانی لە ١٠ـی حوزەیراندا رەت دەکەنەوە، چونکە هەڵبژاردن مافێکی دەستووری خەڵکی هەرێمە.
باس لەوەش کراوە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم سێ جار و لەسەر خواست و بەرژەوەندی حزبێک دواخراوە کە ئەوەش پێشێلکردنی یاساکانی دەستووری هەرێم و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و بڕیارەکانی کۆمسیۆنە  کە هەموو هەوڵەکانی خستووەتە گەڕ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا. 
ئەوەش خراوەتە روو، هیچ حزب و لایەنێک بۆی نییە توانا ئەمنی و سەربازییەکانی بەکاربهێنیت بۆ زاڵبوون بەسەر یاسا و بڕیارە دەستورییەکاندا. 
ئەوەش هاتووە، "داوا لە سەرجەم لایەنە فیدراڵییەکان و پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی وەزیران و دادگای فیدراڵی و کۆمسیۆن دەکەین رووبەڕووی ئەو رێگریانە ببنەوە و زامنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێم لە ١٠ـی حوزەیراندا بکەن".

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، تاکە ئامانجی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا، دواخستنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بووە، نەک مووچە و قوتی مووچەخۆران و هاوڵاتیانی هەرێم.

بەهۆی ترسیان لە تۆڵەی خەڵک و شکستیان لە هەڵبژاردندا، پارتی و یەکێتی بەردەوام لە هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندان کە بڕیارە لە رۆژی ١٠ـی حوزەیرانی ئەمساڵدا بەڕێوە بچێت.

 















گەلەری