سەردێڕ:

سبەی لە هەرێم پشووی فەرمییە

PM:04:00:30/04/2024

8456 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی رۆژژمێری فەرمی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم، سبەی لە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێم پشووی فەرمییە.


ساڵانە حکومەتی کاربەڕێکەر رۆژانی پشووە فەرمییەکان لە رۆژژمێری فەرمیدا دیاری دەکات، بەپێی رۆژژمێرەکەش، سبەی چوارشەممە پشووی فەرمییە لە سەرجەم دامودەزگاکاندا.

ساڵانە رۆژی ١ـی ئایار، بەهۆی جەژنی کرێکارانەوە کراوە بە پشووی فەرمی. پشووەکە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە بە حکومی و ناحکومییەکانیشەوە.

١ـی ئایار بە جەژنی کرێکاران لە جیهاندا دادەنرێت و لەپێناو دانانی پێوانەیەكی هاوبەش بۆ ماوەی كاركردنی رۆژانە سەری هەڵداوە.

١ـی ئایار كە لە ئەنجامی خەباتی كرێكارانی ئەمریكا لە ساڵی ١٨٨٤دا لەپێناو كەمكردنەوەی ماوەی كاركردنی رۆژانە بۆ هەشت كاتژمێر سەری هەڵدا و ساڵی ١٨٨٦ مانگرتنەكان بەجۆرێك فراوان بوون، بابەتەكە بووە پرسێكی جیهانی.

لە کۆنفرانسی رێكخراوی نێودەوڵەتیی برایەتیی كرێكاران كە ساڵی ١٨٨٩ لە پاریس بەڕێوەچوو، بڕیار درا رۆژێك وەك جەژنی كرێكارانی جیهان دەستنیشان بكرێت و لەسەر پێشنیازی سەندیكاكانی ئەمریكا ئەو رۆژە بە ١ی ئایار دیاریكرا.

لە چەندین وڵاتی جیهان ١ـی ئایار وەك "جەژنی كرێكاران"، "رۆژی جیهانیی كرێكاران"،"جەژنی رەنجدەران" و چەندین ناوی دیكە یاددەكرێتەوە و كراوەتە پشووی فەرمی.













گەلەری