سەردێڕ:

هۆشداری لەبارەی ئەو شەپۆلە بارانبارینەوە دەدرێت کە روو لە هەرێم دەکات

PM:02:14:30/04/2024

2736 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی گواستەوە و گەیاندنی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، لە سنووری چەند ناوچەیەکی هەرێم پێشبینی دەکرێت ئاستی دابارین زیاتر بێت و بەرگری شارستانی هەولێرش داوا لەو هاوڵاتییانە دەکات کە ماڵ و ناوچەکانییان لە نزیک ئاوەوەیە، زیاتر ئاگاداری خۆیان بن.


دیلان رەشاد وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم رایگەیاند، شەپۆلی بارانبارین سەرتاسەری هەرێم دەگرێتەوە و پێشبینی زیادبوونی ئاستی دابارین دەکرێت.

باسی لەوەش کرد، پلەکانی گەرما تاوەکو ١٠ پلەی سیلیزی دادەبەزن و لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکوک و ئیدارەی راپەڕین ئاستی دابارین زیاتر دەبێت.

ئەوەشی خستە روو، پێشبینی دەکەن رێژەی بارانبارین لە سەنتەری شارەکاندا ٥٠ ملم بێت و بارانبارینەکە هەورەبروسکەی لەگەڵ دەبێت و لە چەند ناوچەیەکیش تەرزە دەبارێت.

لەو بارەیەشەوە، سەرکەوت کاڕەش، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، ئامادەکارییان کردووە و تیمەکان لە ئامادەباشیدان و پلانیان داناوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی دۆخەکان.

داواشی لە هاوڵاتییان کرد، هاتوچۆی نێوان شارەکان کەمبکەنەوە و بۆ کاری پێویست نەبێت نەچنە دەرەوە.

راشیگەیاند، "داوا لەو هاوڵاتییانە دەکەین کە ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوونیان لە نزیک ئاوەوەیە، زیاتر ئاگاداری خۆیان بن".

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، لەمڕۆوە شەپۆلێکی بارانبارین روو لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دەکات و لوتکەی شەپۆلەکە لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینیدا دەبێت.













گەلەری