سەردێڕ:

دارایی هەرێم: چاوەڕێی عێراقین پارەی مووچەمان بۆ بنێرێت

PM:01:31:30/04/2024

1904 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، چاوەڕوانی وەزارەتی دارایی عێراقن پارەی مووچەیان بۆ بنێرێت.


هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، ئەوان سەرجەم ئەو رێکارانەیان تەواو کردووە کە عێراق داوای کردووە و چاوەڕوانی وەزارەتی دارایی عێراقن پارەی مووچەیان بۆ بنێرێت.

باسی لەوەشکرد، لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ عێراق کردوویانە مانگانە چەند رێکارێک هەیە دەبێت جێبەجێی بکەن و ئەوا رێکارەکانیان ئەنجامداوە. وتیشی، "رەزامەندیمان دەربڕیوە بەوەی ئەو داهاتانەی فیدڕاڵین بیگەڕێنینەوە بۆ عێراق".

لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیشەوە ئەوەی خستەڕوو، داوایان لە سەرجەم وەزارەتەکان کردووە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیان بکەن بە لیست و بینێرن بۆیان، دوای تەواو بوونی ئەوان وردبینی بۆ دەکەن و دەینێرن بۆ بەغدا.

هونەر جەمال باسی لەوەش کرد، ناتوانن بڵێن کەی لیستی پلەبەرزکردنەوە تەواو دەبێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دەرخستەی کۆتایی مانگی سێی هەرێم گرفتی تێدایە. ئاماژەی بەوەش کرد، هەرکاتێک هەرێمی کوردستان رێکار و داواکارییەکانی تەواو کرد مووچەی مانگی چوار دەنێرن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی نزیکەی ١٥ رۆژ وەزارەتی دارایی عێراق چاوەڕوانی هەرێم بوو لیستی مووچەی مانگی نیسانی بۆ بنێرێت، بەڵام هەرێم لیستەکەی درەنگ نارد و کە ناردیشی هەڵەی تێدابوو و دارایی عێراق گەڕاندییەوە بۆ هەرێم، لە ئێستاشدا بەهۆی هەبوونی گرفت لە دەرخستەی کۆتایی مانگی سێ'دا ناردنی مووچەی مانگی چوار دواکەوتووە.













گەلەری