سەردێڕ:

دهۆک؛ بەهۆی خۆڵبارینەوە نزیکەی ١٠٠ کەس رەوانەی نەخۆشخانە کراون

PM:12:04:30/04/2024

1144 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی دهۆک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی خۆڵبارینەوە نزیکەی ١٠٠ کەس تووشی هەناسەتوندی بوون و بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەکە کراون. دەشڵێت، "لە ئێستادا نزیکەی ١٠ کەس لە نەخۆشخانەکەدا ماونەتەوە و ئەوانەی دیکە لە نەخۆشخانە دەرچوون".


ئەمڕۆ سێشەممە، سەگڤان سلێمان بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلی خۆڵبارینەی رووی لە دهۆک کردووە، نزیکەی ١٠٠ کەس تووشی هەناسەتوندی بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون.

ئاماژەی بەوەش کرد، چارەسەری پێویست بۆ ئەو کەسانە کراوە و تەنها نزیکەی ١٠ کەس لە نەخۆشخانە ماونەتەوە و ئەوانەی دیکە لە نەخۆشخانە دەرچوون.

هاوکات، ئەمیر عەلی بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی زاخۆ باسی لەوەکرد، بەهۆی ئەو شەپۆلی خۆڵبارینەی زاخۆی گرتووەتەوە، شەش کەس تووشی هەناسەتوندی بوون و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە. 

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە شەوی رابردووەوە شەپۆلێکی خۆڵبارین رووی لە چەند ناوچەیەکی هەرێم کردووە و بەهۆیەوە مەودای بینین بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە.

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێمیش، ئەمڕۆ و سبەی شەپۆلی خۆڵبارین بەردەوام دەبێت و هاوکات شەپۆلێکی بارانبارین و هەورە تریشقە بە رێژەی جیا ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە.
هێمن ئیبراهیم - دهۆک 













گەلەری