سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، رووسیا سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی نوێ و هەموو هەوڵێکی خۆیان دەدەن بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکە.
ڤۆلدیمێر زێلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا پێشوازی لە یانس ستۆڵتێنبێرگ لە سکرتێری گشتی ناتۆ کرد و پێکەوە کۆبوونەوە.
لە دوای کۆبوونەوەکە،
زێلێنسکی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، روسیا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشیکی نوێ بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا و هەربۆیە داوا لە هاوپەیمانان و بەتایبەت
ئەمریکا کرد کە لە پڕچەککردنی وڵاتەکەی هاوکار بن.
باسی لەوەش
کرد، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکانی رووسیا پێویستیان بە تۆپ، چەکی پێشکەوتوو و سیستەمی
بەرگریی پاتریۆت هەیە. وتیشی، " پێویستە بە زووترین کات چەک و تەقەمەنی بگەیەندرێتە ئۆکرانیا".
ئەوەشی خستە
روو، بڕیارە لە مانگی تەمووزی ئەمساڵدا سەرکردەکانی ناتۆ کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن،
ئەوەش دەبێتە دەرفەتێک بۆ بەهێزکردنی هاوپەیمانییەتی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ و
تێیدا بڕیاریش لەسەر بە ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە ناتۆ دەدرێت.
لە ٢٤ـی شووباتی ٢٠٢٢، بە فەرمانی ڤلادیمێر
پوتنی سەرۆکی روسیا، سوپای ئەو وڵاتە هێرشی زەمینیان بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا دەستپیکرد
و لەو کاتەوە بە هەزاران کەس لە هەردوولا کوژراون بەهۆی جەنگەکەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، هێرشی بەرفراوانی
درۆنەکان لە ساڵی رابردووەوە بە شێوەیەکی فراوان و ئاشکرا دەستی پێکردووە و هەردوو
وڵات بە شێوەیەکی بەرچاو دەستیان کردووە بە زیانگەیاندن بە ژێرخانی ئابووری و وزەی
ناوچەکانیان.