سەردێڕ:

ژمارەیەک لە کەسوکاری گروپە چەکدارەکان لە کەمپی هولی سوریاوە گەڕێنرانەوە عێراق

AM:09:18:30/04/2024

1176 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، لە بەردەوامی هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی کەسوکاری گروپە چەکدارەکان بۆ زێدی خۆیان، نزیکەی ٧٠٠ کەس لە کەسوکاری گروپە چەکدارەکان لە کەمپێکی سوریاوە گەڕێنراونەتەوە ناوچەکانی خۆیان لە عێراق.


عەلی جهانگیر وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، نزیکەی ٧٠٠ کەس لە کەسوکاری گروپە چەکدارەکان لە کەمپی هولی سوریاوە گەڕێنراونەتەوە بۆ زێدی خۆیان لە خاکی عێراق و لە ئێستادا لە کەمپێکی نزیک شاری موسڵ لە باکوری عێراق راگیراون.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەدوای تەواوکردنی رێکارەکان و ئەنجامدانی پشکنین بۆیان سەرجەمیان کە زۆرینەیان ژن و منداڵن دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.

باسی لەوەش کرد، سەرباری بەردەوامی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی کەسوکاری گروپە چەکدارەکان هێشتا ژمارەی ئەو کەسانە کە لە کەمپی هولدا ماون لە ئاستێکی بەرزدایە. 

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ١١ـی ئازار وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی دوو رۆژدا ١٥٧ خێزانی ئاوارە کە ژمارەیان ٦٥٢ کەس بوو لە کەمپی هولەوە گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.

لە ساڵی ٢٠١٤دا جەنگی دژ بە گروپەچەکدارەکان لە عێراق سەریهەڵدا، بەو هۆیەشەوە ملیۆنان کەس ناوچەکانی خۆیان جێهێشت بەمەبەستی دوورکەوتنەوەیان لە ئاڵۆزییەکانی ئەو جەنگە.

کەمپی هول دەکەوێتە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا و زیاتر لە ٤٣ هەزار کەس لەخۆدەگرێت کە بە رەگەز عێراقی و سوری و بیانییەکانی نزیکەی ٤٥ وڵاتی دیکەی تێدایە.













گەلەری