سەردێڕ:

میسر: گەشبینین سەبارەت بە پێکهێنانی ئاگربەست لە غەززە

PM:07:06:29/04/2024

1432 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی میسر رایگەیاند، وڵاتەکەی گەشبینە سەبارەت رێککەوتنی حەماس و ئیسرائیل بۆ پێکهێنانی ئاگربەست لە کەرتی غەززە و لە ئێستادا چاوەڕوانی وەڵامی ئیەڕائیل و حەماسن سەبارەت بە پێکهێنانی ئاگربەست.


ئەمڕۆ دووشەممە، سامح شوکری وەزیری دەرەوەی میسر رایگەیاند، لە ئێستادا میسر چاوەڕوانی وەڵامی ئیسرائیل و حەماسە لەسەر پرسی ئاگربەست.

ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی گەشبینە سەبارەت رێککەوتنی حەماس و ئیسڕائیل بۆ پێکهێنانی ئاگربەست لە کەرتی غەززە.

رۆژی رابردوو، میدیا ئیسرائیلییەکان بڵاویان کردەوە، لەماوەی ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا ئیسرائیل وەڵامێک لە حەماسەوە وەردەگرێت سەبارەت بە رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان. ئاژانسی رۆیتەرزیش بڵاوی کردەوە، رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە شاندێکی حەماس بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی ئاگربەست لە غەززە سەردانی قاهیرە دەکات.

ئاماژە بەوەش کرا، ئەگەر حەماس وەڵامەکانی سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی دیلەکان نەرێنی بێت، ئەوا رەنگە ئیسڕائیل دەست بە هێرشکردن بۆ سەر رەفەح بکات.

ئەمەش لەکاتێکدایە، حکومەتی ئیسڕائیل باس لەوە دەکات، تاوەکو ئێستا نزیکەی ١٣٠ بارمتە لای حەماس مابێت لەکۆی ٢٥٠ بارمتە کە لە ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەر کراون.

جەنگی غەززە کە ماوەی زیاتر لە ٢٠٠ رۆژ بەسەریدا تێپەڕی کردووە، هێشتا ئەنجامەکەی یەکلایی نەبووەتەوە و تا ئێستاش زیاتر لە ٣٤ هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە ٧٧ هەزار کەسیش بریندار بوون، هاوکات لە لایەنی ئیسرائیلیش هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە.













گەلەری