سەردێڕ:

بانکی ناوەندی لە دوو هەفتەدا نزیکەی سێ ملیار دۆلاری فرۆشتووە

PM:10:59:28/04/2024

2732 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا بە هەردوو شێوەی کاش و حەواڵە نزیکی سێ ملیار دۆلار فرۆشراوە و لەو رێژەیەش ٩٦٪ بەشێوەی حەواڵەدەرەکی بووە. ئەوەش یەکەم جارە بانکی ناوەندی لە دوو هەفتەدا نزیکی سێ ملیار دۆلار بفرۆشێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە، بانکی ناوەندی لە رێگەی سەکۆی تایبەت بە خستنەڕووی فرۆشی دراوی بیانی رایگەیاند، لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا لە رێگەی بانکەکان و سەکۆکانی تایبەت بە داواکاری بازرگانان بۆ دەستخنی دۆلار دوو ملیار و ٧٣٨ ملیۆن و ٥٣١ هەزار و٩٦٩ دۆلار فرۆشراوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەمەبەستی دابینکردنی دۆلار بۆ مامەڵەداراییە نێودەوڵەتییەکان و بازارگانان فرۆشی حەواڵە زیادکراوە و بە تێکڕاش ئاستی فرۆشی حەواڵەی دەرەکی ٩٦٪ تێکڕای فرۆشی هەفتانە پێکدەهێنێت.

فرۆشی بانکی ناوەندی لە رۆژی ١٤-١٨ـی نیسان

تێکڕای فرۆشی رۆژی ١٤ تا١٨ـی نیسانی ئەم ساڵ لەلایەن بانکەکان و گەشتیارانەوە داواکاری بۆ کڕینەوەی یەک ملیار و ٣٥٤ ملیۆن و ٢٩٦ هەزار و ٨٦٧ دۆلار بە نرخی فەرمی پێشکەشکراوە و لەو رێژەیەش یەک ملیار و ٢٦٣ ملیۆن و ٧٧١ هەزار و ٨٦٧ دۆلاری بەشێوەی حەواڵە بووە.

فرۆشی بانکی ناوەندی رۆژی ٢١-٢٥ـی نیسان

لە رۆژی ٢١ بۆ ٢٥ـی نیسانی ئەمساڵ بە تێکڕا یەک ملیار و ٣٨٤ ملیۆن و ٢٣٥ هەزار و ٩٣ دۆلار بەنرخی فەرمی ١٣٢٠ دینار فرۆشراوە و لەو رێژەیەش یەک ملیار و ٣١٧ ملیۆن و ٤٧٥ هەزار و ٩٣ دۆلار بەشێوەی حەواڵە فرۆشراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە ئەندامێکی بەشداربووی کۆبوونەوەکەی بانکی ناوەندیی عێراق و جەی پی مۆرگان بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەسەر هەڵگرتنی سزای سەر پێنج بانکی عێراق گەیشتوونەتە رێککەوتن و دەتوانن لەمەودوا مامەڵەی حەواڵەی دەرەکی بۆ بازرگانانی ناوخۆیی و دەرەکی ئەنجام بدەن. دەشڵێت،" ئەو پێنج بانکە بەشێوەیەکی راستەوخۆ دۆلار بۆ مامەڵەداراییەکانی پەیوەست بە دۆلاری حەواڵە ئەنجامدەدەن بەوەش ئاستی فرۆش زیاتردەبێت".













گەلەری