سەردێڕ:

راوێژکارێکی سودانی بۆ ئێن ئاڕ تی: بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە

PM:04:53:28/04/2024

1484 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری دارایی و ئابووری سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەگوێرەی مادەی ١٣ـی بودجەی سێ ساڵە دارایی عێراق بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ دەستیپێکردووە و چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بە گوێرەی بودجەش کار لەسەر وەبەرهێنان و خەرجی مووچەدەکرێت. دەشڵێت، "خەرجییە جێگیرەکان و وەبەرهێنانی ناوخۆیی بەهۆی ئەوەی سەرچاوەیەکی ئاشکرای داهات و خەرجی ساڵانەن پێویستی بە گەڕانەوە بۆ پەرلەمانی عێراق نییە".


ئەمڕۆ یەکشەممە، مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری دارای و ئابووریی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ـەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بە گوێرەی مادەی ١٣ـی بودجەی سێ ساڵەی ئابووری و گەشەپێدانی عێراق حکومەت بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان دەتوانێت دەست بە جێبەجێکردنی بودجەی ئەمساڵ بکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا بودجەی ٢٠٢٤ـی عێراق تایبەت بە خەرجی مووچە و وەبەرهێنانی ناوخۆیی چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەهۆی ئەوەی دوو سەرچاوەی خەرجی و داهاتی ئاشکرای ساڵانەن، کە لە پێشتردا ئامادەکاری بۆ کراوە و بەوەش بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان دەتوانرێت کاری پێبکرێت.

باسی لەوەش کرد، وەزارەتی دارایی تۆماری دارایی کورتهێنان و داهاتی ساڵانە و گۆڕانکارییە داراییەکان ئاراستەی پەرلەمانی عێراق دەکات، تا ئەو ماددانەی کە پێویستیان بە گۆڕانکاری هەیە لە خەرجییەکاندا پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت. وتیشی، "جێبەجێکردنی بودجەی ٢٠٢٤ کاریگەری لەسەر پلان و هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق بۆ گەشەپێدانی ئابووری دەستپێکێکی نوێدەبێت بۆ دەستخستنی کاتێکی زیاتر لە رێکخستنی سەرچاوەکانی داهاتی ناوخۆیی و بیانی".

هاوکات، لەبارەی رۆلی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستە روو، لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە گوێرەی دەستوور و لەم ساڵدا هەر گۆڕانکارییەکی ئابووری کە پێویستی بە پێداچوونەوە هەبێت لیژنەی دارایی سەرپەرشتی دەکات و چاودێری دۆخی گۆڕانکارییە ئابوورییەکان دەکات.

لایخۆشییەوە، عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەو بارەیەوە رایگەیاند، لە بودجەی سێ ساڵە و بەتایبەتیش بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ـدا، گرنگییەکی بەرچاو بە وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەکی دەدرێت و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین هەنگاوی نوێ بۆ گۆڕانکاری لە یاسای وەبەرهێناندا کراوە.

لەلایەکی دیکەشەوە موعین کازمی ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، وەزارەتی دارایی ئامادەکاریی دەکات بۆ دابینکردنى خەرجی مووچەی مووچەخۆرانی عێراق و هەرێم. دەشڵێت، "حکومەت بڕیاریداوە هەفتەى داهاتوو خشتەى بودجە رەوانەى پەرلەمان بکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەری و یەکلاکردنەوەى سەرجەم خاڵەکان و بڕگەکانی کە شیاوی هەموارکردنەوەن".

ئەوەش لە کاتێکدایە، محەمەد نەجار راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەکی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ـدا ئاسانکاری تەواوەتی بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی کراوە کە بەهۆیەوە چەندین کۆمپانیای ئەمریکا خوازیارن لە خاکی عێراق بەتایبەت لە کەرتی بیناسازیدا و وزەی کارەبایی و لەرێگای تەکنیکێکی نوێوەوە وەبەرهێنان بکەن کە بەهۆیەوە عێراق دەگەیەندرێتە ئاستی ئابووری وڵاتانی جیهان.

هێڤیدار شعبان – دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی













گەلەری