سەردێڕ:

داهاتی نەوتی و نانەوتی عێراق زیاترە لە ٢٠ ترلیۆن دینار؛ گەشەی ئابووری چەندە؟

PM:02:45:28/04/2024

2500 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، لەماوەی دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ئاستی داهاتی نانەوتی و نەوتی گەشەی بەخۆیەوە دیوە و زیاتر بووە لە ٢٠ ترلیۆن دینار لەو رێژەیەش ٩١٪ی داهاتی نەوتی بووە و داهاتی نانەوتیش بەراورد بە ساڵی رابردوو ٦٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق تۆماری داهاتی مانگانەی بۆ مانگی کانوونی دووەم و شوبات بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لەماوەی دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بەراورد بە دوو مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ـی دارایی عێراق؛ ئابووری عێراق بەرێژەی ٦٪ گەشەی بەخۆیەوە بینیوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، داهاتی نانەوتی لە مانگی شوباتدا بەراورد بە کانوونی دووەم بەرێژەی ٨ ترلیۆن دینار بەرزبووەتەوە و بە تێکڕاش ١٨ ترلیۆن ٦٧٨ ملیار و ٩٠٣ ملیۆن دینار بووە  کە دەکاتە ٩١٪ی داهاتی نەوتی چارەکی یەکەمی ئەمساڵ.

ئەوەش خراوەتە روو، داهاتی نانەوتی بەراورد بە مانگی کانوونی دووەم بەرێژەی ٦٪ گەشەی کردووە و جیاوازی داهاتی نانەوتی ٥٢٠ ملیار دینار بووە، بە تێکڕاش داهاتی نانەوتی لە سەرچاوە نانەوتییەکانی عێراق یەک ترلیۆن و ٧٨٦ ملیار و ٥٧٦ ملیۆن دینار بووە

راپۆرتی وەزارەتی دارایی لەبارەی گەشەی ئابوورییەوە؛

لەوبارەیەوە رۆژی ٧ـی نیسان وەزارەتی دارایی رایگەیاند، ئاستی پشتبەستنیان بە داهاتی نانەوتی بە رێژەی ٦٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە لە کاتێکدا ساڵی رابردوو گەشەی داهات تەنها ٥٪ بووە

باس لەوەش کراوە، سەرجەم ئەو بەشانەی کە داهاتی نانەوتی پێکدەهێنن لە داهاتی باج، گەشتیاری، کشتوکاڵی، گومرگ و داهاتەکانی تر بەراورد بە ساڵی رابردوو ١٩٪ بەرزبوونەوەیان بەخۆیانەوە بینیوە کە ئەوەش دەستپێشخەرییەکی فراوانی ئابووری عێراق دەبێت.

راپۆرتی سندوقی نێودەوڵەتی لەبارەی گەشەی ئابوری نانەوتی عێراق؛

 سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە راپۆتێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە، داهاتی نانەوتی لە عێراق لە تێکڕای ساڵەکەدا بە رێژەی ٥٪ گەشە بەخۆیەوە دەبینێت و بە دووەم وڵاتی گەشەسەندووی ئابووری نانەوتی دادەندرێت لە ناو وڵاتانی نەوتی عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

باس لەوەش کراوە کە هەڵاوسان لە عێراق لە رێژەی ٧٪ـەوە دابەزیوە بۆ ٥.٥٪ کە کەمترین ئاستە بەراورد بە ساڵانی رابردووی تێکڕای هەڵاوسانەکان بەهۆی زۆربوونی دەستی کار و رەخساندنی هەلی ئابووری نانەوتی.

لێدوانی راوێژکار و سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی داهاتی نانەوتییەوە؛

سەبارەت بە بەرزبوونەوەی داهاتی نانەوتی، مەزهەر ساڵح راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بودجەی ئەمساڵی عێراق بە تەواوی بودجەی وەبەرهێنان دەبێت لە کەرتی نانەوتیدا و هەوڵیش دەدرێت سوود لە سامانی سەر زەوی و کشتوکاڵی عێراق وەربگرن بۆ فراوانکردنی ئابووری و کاریگەری عێراق بەسەر ئابووری جیهانەوە. وتیشی، "پێشبینی دەکەین تا ساڵی ٢٠٢٧ داهاتی نانەوتی بەرزبکرێتەوە بۆ ٢١.٢٪ ـی تێکڕای بودجەی عێراق".

ئەوەش لە کاتێکدایە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆڕبەندی ئابووری لە جنێف رایگەیاند، هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ گۆڕانکاری لە سیستمی ئابووری و داهات بەردەوامە و هەوڵیش دەدەن لە دوو ساڵی داهاتوودا عێراق لە وڵاتێکی نەوتییەوە بگۆڕن بۆ ئابووری نانەوتی و وزە و کشتوکاڵ. وتیشی، "داهاتی سەرزەوی هاوتای داهاتی سامانی ژێرزەوییەکەمان دەکەین لە ئایندەدا".













گەلەری