سەردێڕ:

نرخی نەوت لە بەرزیدا جێگیرە

AM:08:17:28/04/2024

828 جار خوێندراوەتەوە

دوای فراوانبوونی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەمبوونەوەی رێژەی نەوتی کۆگاکراوی هەفتانەی نەوتی ئەمریکا لە بازاڕەکانی جیهان نرخی نەوت بە رێژەی ٠.٥٥٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و لە ئێستاشدا یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە ٨٩ دۆلار و ٥٠ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت، نرخەکەی بەراورد بە دوێنێ شەممە جێگیرە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، پاش ئەوەی رۆژی رابردوو لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی برێنتی رەشدا بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی وزەی رەشی کۆگاکراو نەوتی رۆژئاوای تێکساسیش بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، لە ئێستادا هەر بەرمیلێک بە ٨٣ دۆلار و ٨٥ مامەڵەی پێوەدەکرێت.

لەو بارەیەشەوە رێکخراوی ئۆپیک پڵەس رایگەیاند، بەردەوامدەبن لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان و لە ئێستاشدا خواستی بازاڕەکان بۆ نەوت بە پارێزراوی ماوەتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە ناوەندی کارگێڕی وزەی ئەمریکا رایگەیاند، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا ئاستی وەبەرهێنانی نەوت بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرماوە، بەرێژەی ٣.٢٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و شرۆڤەکارانی نەوتیش دەڵێن، ئەو دابەزینە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

پاڵنەرێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، دووبارە بە ئامانجگرتن و تەقاندنەوەی وێستگەی وزەی رەشی روسیا بوو لەلایەن ئۆکرانیاوە کە یەکێکی تر بووە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی بۆ سەروو ٨٩ دۆلار.













گەلەری