سەردێڕ:

بەم رێگایانە تەندروستی جەستەت بپارێزە لە ماوەی هەڵکشانی تەمەنتدا

PM:10:25:27/04/2024

3628 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایەکی تەندروستی و لەشجوانی کۆمەڵێک پێشنیار دەکات بە مەبەستی ئەنجامدانی چەند خوویەکی رۆژانە بۆ ئەوەی لەگەڵ تەمەنتدا بەچالاکی و لەشجوانی بمێنیتەوە.


وەک لە ماڵپەڕی "روسیا تودەیـ"ـدا هاتووە، جەی جەی ڤێرجین شارەزای تەندروستی و لەشجوانی، جەخت لەسەر گرنگی جوڵەی رۆژانە دەکاتەوە و دەڵێت، جووڵە هەمیشە بە مانای وەرزشکردن لە هۆڵی وەرزشی نایەت، دەشێت تەنها وازهێنان لە بەکارهێنانی مۆبایلەکەت یان زوو خەوتن و زوو لەخەو هەڵسان یارمەتیدەرێکی گەورە بن بۆ پاراستنی جەستەت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، "پێویستە ئامانجێک دیاری بکرێت کە رۆژانە هەشت هەزار بۆ ١٢ هەزار هەنگاو بنرێت کاتێک ئەم خووە دامەزرا، دەتوانرێت راهێنانی بەرگری و راهێنانی لەشجوانی زیاد بکرێت بۆ رۆتینی رۆژانەی وەرزشەکەت، کە هۆکاری پاراستنی دڵ و خوێنبەرەکانە".

ڤێرجین ئامۆژگاری ئەوە دەکات، دڵنیابن لە خواردنی پرۆتینی پێویست بەتایبەت بۆ خانمان و پێشنیاری ئەوە دەکات کە لە هەر ژەمێکدا بەلایەنی کەمەوە ٣٠ گرام پرۆتین بخۆین.

ئەوەشی خستە روو، "خواردنی پرۆتین گۆڕانکارییەکی سادەیە و ئەنجامێکی گەورەی هەیە، بەو پێیەی یارمەتی سووتاندنی چەوری زیاتر دەدات، برسێتی کەمدەکاتەوە، ئاستی وزە بەرز دەکاتەوە، پشتگیری گەشەی ماسولکەکان دەکات و شەکری خوێن هاوسەنگ دەکات".

ڤێرجین دەڵێت، لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن بارستەی ماسولکەکان دەست دەکەن بە کەمبوونەوە، دوای تەمەنی ٣٠ ساڵی، هەر دە ساڵ جارێک بارستە بە رێژەی نزیکەی سێ بۆ ٨٪ کەم دەبێتەوە، بۆیە پێویستە دەستبەجێ رێوشوێن بگیرێتەبەر.

ئاماژەی بەوەش کردووە، "چڕی ئێسکەکانیش مەیلی کەمبوونەوەی هەیە، ئەمەش مەترسی توشبوون بە پووکانەوەی ئێسک زیاد دەکات و راهێنانی بەرگری ئامرازێکی سەرەکییە بۆ رێگری لە پیربوون"، هەروەها پێویستە دڵنیا بیت لەوەی رۆژەکەت بە باشی کۆتایی پێبهێنیت، بە خەوتنی پێویست.

باسی لەوەش کرد، کەمخەوی دەتوانێت وات لێ بکات هەست بە ماندوێتی و تووڕەیی و برسیەتی بکەیت، خۆراکی خراپ بخۆیت و وردەکارییە بچووکەکان لە شوێنی کارەکەت پشتگوێ بخەیت، هەروەها بڕیاری بەپەلە بدەیت.













گەلەری