وەزارەتی بەرگریی روسیا رایگەیاند، لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ٦٦ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیا تێکشکێنران کە ئاڕاستەی شاری کراسنۆدار لە باشووری روسیا و نیمچە دوورگەی کریمیا کرابوون.
ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی بەرگریی روسیا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بە سەرکەوتوویی ٦٦ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان خستووەتە خوارەوە کە لەلایەن هێزەکانی ئۆکرانیاوە بەرەو خاکی کراسنۆدار و نیمچە دوورگەی کریمیا ئاڕاستە کرابوون.
هاوکات، جێرمان گالیۆشینکۆ وەزیری وزەی ئۆکرانیا رایگەیاند، شەوی رابردوو روسیا لە سێ ناوچەی جیادا هێرشی کردووەتە سەر دامەزراوەی وزەی ئۆکرانیا و بەهۆیەوە زیانی ماددی لێکەوتەوە و کرێکارێکیش بریندار بووە. وتیشی، لە کۆی ٣٤ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان توانیویانە ٢١ فڕۆکە تێکبشکێنن.
رۆژی ١٣ـی نیسان وەزارەتی بەرگریی روسیا رایگەیاند، لە ماوەی هەفتەیەکدا ٤٧ هێرشیان بۆ سەر ئۆکرانیا ئەنجامداوە و لەو هێرشانەدا زیاتر لە شەش هەزار و ٦٨٥ سەربازی ئۆکرانیا کوژراون و هەزار و ٧١٢ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و دەیان مووشەک خراونەتە خوارەوە.
لە ٢٤ـی شووباتی ٢٠٢٢، بە فەرمانی ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی روسیا، سوپای ئەو وڵاتە هێرشی زەمینیان بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا دەستپیکرد و لەو کاتەوە بە هەزاران کەس لە هەردوولا کوژراون بەهۆی جەنگەکەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، هێرشی بەرفراوانی درۆنەکان لە ساڵی رابردووەوە بە شێوەیەکی فراوان و ئاشکرا دەستی پێکردووە و هەردوو وڵات بە شێوەیەکی بەرچاو دەستیان کردووە بە زیانگەیاندن بە ژێرخانی ئابووری و وزەی ناوچەکانیان.