سەردێڕ:

هەڕەشەکانی ئێران و سەرەتای دەستپێکی جەنگی نێوان ئیسڕائیل و ئێران

PM:07:41:12/04/2024

3720 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی ئاژانسە جیهانییەکانی هەواڵ، ئێران لە ئامادەکاریدایە بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی گەورە بۆ سەر ئیسڕائیل لە ماوەی ٢٤ بۆ ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا و ئامانجی ئێران هێرش کردنە بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ناوخۆی ئیسڕائیل. لەو بارەیەوە چەند بەرپرسێکی ئەمریکا دەڵێن، قورس دەبێت بۆ ئیسڕائیل بتوانێت بەرپەچی هێرشەکانی ئێران بداتەوە.


ئەمڕۆ هەینی، دوو بەرپرسی ئەمریکا بە ئاژانسە جیهانییەکانیان راگەیاند، پێشبینی دەکەن ئەمڕۆ هێرشی گەورەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل دەست پێ بکات و هەروەها پێشبینی ئەوەش دەکەن زیاتر لە ١٠٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و دەیان مووشەک لە هێرشەکەدا بەکاربهێنێت.

هۆکاری گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسڕائیل:

هۆکاری گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسڕائیل دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی دووشەممەی هەفتەی رابردوو کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆردومانی بینای کونسوڵخانە و ماڵی باڵیۆزی ئێرانیان لە تەنیشت باڵوێزخانەی ئێران لە دیمەشق کرد و بەهۆیەوە حەوت کەس لە بەرپرسانی باڵای ئێران گیانیان لەدەستدا.

لە دوای هێرشەکەوە کاربەدەستانی تاران بەردەوامن لە هەڕەشەکردن لە ئیسڕائیل و رایانگەیاند، لە کات و شوێنی گەنجاودا وەڵامی هێرشەکەی ئیسڕائیل دەدەنەوە و وەڵامدانەوەیان بەشێوەیەکی توند دەبێت.

لێدوانی کاربەدەستانی ئێران و ئیسڕائیل لەبارەی گرژییەکانەوە:

رۆژی چوارشەممە ١٠ـی نیسان، لە وتاری جەژنی رەمەزاندا، عەلی خامنەیی رابەڕی باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتی، "دەبێت ئیسڕائیل سزا بدرێت بەهۆی هێرش کردنی بۆ سەر بینای کونسوڵخانە و ماڵی باڵیۆزی ئێران لە سوریا".

هاوکات، دوێنێ پێنجشەممە، یۆواڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسڕائیل ئاماژەی بەوە کرد، راستەوخۆ وەڵامی هەر هێرشێکی ئێران دەدەنەوە کە بۆ سەر خاکی ئیسڕائیل ئەنجامی بدرێت.

لای خۆشیەوە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل رایگەیاند، ئامادەکاری دەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی لایەنی دیکە و هەرکەسێک زیانیان پێ بگەیەنێت هێرشی دەکەنە سەر.

ئامادەکارییەکان بۆ رووبەڕوبوونەوەی هێرشەکانی ئێران:

میدیا ئیسرائیلییەکان بڵاویان کردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل داوای تەرخانکردنی بودجەیەکی گەورەی کردووە بە ملیاران شیکل (دراوی ئیسڕائیلی) بە مەبەستی دروستکردنی سیستەمێکی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی ئێران.

هەروەها، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا باسی لەوە کرد، ئەمریکا و بنکەکانی لە ناوچەکە ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەگەری هێرشی ئێران کە ئیسڕائیل یان ئەمریکا بکاتە ئامانج لە کاردانەوەی بەرامبەر هێرشەکەی سوریا.

لای خۆشیەوە، لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا دڵنیایی دایە یوۆاڤ گالانت کە لەلایەن ئەمریکا پشتیوانی تەواوی ئیسڕائیل دەکرێت بۆ بەرگریکردن لە هێرشەکانی ئێران.

ئەمەش لەدوای ئەوە دێت، لە ١ـی نیسانی ئەمساڵ، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسڕائیل بۆردومانی بینای کونسوڵخانە و ماڵی باڵیۆزی ئێرانیان لە تەنیشت باڵوێزخانەی ئێران لە دیمەشق کرد و بەهۆیەوە حەوت کەس گیانیان لەدەستدا.

لەو بارەیەوە میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، محەممەد رەزا زاهدی ناسراو بە ئەبو مەهدی، فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران لە سووریا و لوبنان لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا کوژراوە.













گەلەری