سەردێڕ:

کۆچی نێودەوڵەتی: ساڵی رابردوو زیاتر لە هەشت هەزار کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە

PM:09:15:06/03/2024

2464 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی رایگەیاند، لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە هەشت هەزار کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش زۆرترین رێژەی گیانلەدەستدانە بەهۆی کۆچکردنەوە لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا.


ئەمڕۆ چوارشەممە، رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی رایگەیاند، ساڵی ٢٠٢٣ هەشت هەزار و ٥٦٥ کۆچبەر لە سەرانسەری جیهاندا گیانیان لە دەستداوە لە کاتی کۆچکردنی نایاساییدا، ئەمەش بە کوشندەترین ساڵ بۆ کۆچبەرانی نایاسایی لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا دادەنرێت.

ئاماژە بەوەش کراوە، رێگەی کۆچی نایاسایی دەریای ناوەڕاست بۆ وڵاتانی ئەوروپا بە کوشندەترین رێگە دادەنرێت بۆ کۆچبەران، بەو پێیەی لە ساڵی رابردوودا سێ هەزار و ١٢٩ حاڵەتی گیانلەدەستدان و بێسەروشوێنبوون تەنها لە دەریای ناوەڕاستدا تۆمار کراوە.

ئەوەش هاتووە، زۆرینەی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدانی کۆچبەران لە ساڵی رابردوودا، بەهۆی خنکانەوە بووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ساڵی ٢٠١٦ زیاتر لە هەشت هەزار و ٨٤ کۆچبەری نایاسایی لە رێگای کۆچکردندا گیانیان لەدەستدا، ئەوەش بووە یەکێک لە کارەساتبارترین ساڵەکان بۆ کۆچبەرانی نایاسایی.













گەلەری