سەردێڕ:

زیاتر لە ٢٢٠ خێزان لە شنگال ئاوارەی کەمپی چەمشکۆ بوون

PM:07:16:04/05/2022

3184 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەدا، تا ئەمڕۆ زیاتر لە ٢٢٠ خێزانی شنگالی ئاوارەی کەمپی چەمشکۆ بوون. دەشڵێت، "هەر ئەمڕۆ زیاتر لە ٦٠ خێزان چوونەتە ناو ئەو کەمپەوە و ئاوارە بوون".


ئەمڕۆ چوارشەممە، وەحید سندی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە زاخۆ ئاماژەی بەوەدا، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال و سوپای عێراقەوە زیاتر لە ٢٢٠ خێزان لە قەزای شنگالەوە ئاوارەی کەمپی چەمشکۆبوون.

ئەوەشی خستەڕوو، هەر ئەمڕۆش زیاتر لە ٦٠ خێزانی دیکە ئاوارەی بوون و روویان لەو کەمپە کردووە.

هاوڵاتییانی قەزای شنگالیش دەڵێن، هەموو شتێکیان بەجێهێشتووە و تەنها لە هەوڵی دەربازکردنی خۆیان و خێزانەکانیاندا بوون.

هەرئەمڕۆ، نەزیر شنگالی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە شنگال ئەوەشی خستەڕوو، بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان لە چەند رۆژی رابردوودا تا ئێستا نزیکەی ٧٠١ خێران لە شنگال بەهۆ گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی یەبەشەوە ئاوارەبوون.

وتیشی، سەرجەم دوکان و بازاڕەکانی شنگال داخراون و هاوڵاتییان پۆل پۆل شارەکە بەجێدەهێڵن و سوپای عێراق بە ناو سەنتەری شارەکەدا بڵاوبووەتەوە.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، سوپای عێراق ماڵەکانی نزیک بنکەکانی یەبەشەی ئاگادار کردووەتەوە کە هەرچی زووە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.

هەروەها، هاوڵاتییانی شنگالیش داوای ئەوە دەکەن کە جەنگ کۆتایی بێت و بتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان.

دەشڵێن، ئەوان جگە لە گەڕانەوەی ئاشتی و ئارامی بۆ ناوچەکەیان هیچ شتێکی تریان ناوێت.

هاوڵاتییەکی ئاوارەی شنگال بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "هێشتا ماڵەکانمان بە تەواویی ئاوەدان نەکردووەتەوە دەبێت دیسان بەجێی بهێڵینەوە".

ئەمەش لەکاتێکدایە، چەند رۆژێکە شنگال بووەتە مەیدانی شەر و ئاڵۆزی نێوان سوپاى عێراق و یەبەشە (یەکینەکانى بەرخۆدانی شنگال) و ئێستاش بە شێوەیەکی کاتى و بۆ ماوەى ٢٤ کاتژمێر شەڕ لە نێوان ئەو دوو لایەنە راگیراوە.

شنگال ناوچەیەکی جێناکۆکە و زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردانی ئێزدین و ٧٤ جار رووبەڕووی ئەنفالکردن بوونەتەوە لە مێژوودا و ئەمە دوومجارە کوردانی ئێزدی رووبەڕووی ئاوارەبوون دەبنەوە دوای ئاوارەبوونی یەکەم لەدوای هاتنی داعش ساڵی ٢٠١٤ کەدەیان هەزار خێزان ئاوارەبوون و سەدان گەنجیان کوژراو نزیکەی ١٠ هەزار کچی ئێزدیش داعش بەدیل گرتنی و کردنی بەسەبایا.













گەلەری