سەردێڕ:

باوک و منداڵێک لە روباری چۆمان خنکان

PM:06:40:04/05/2022

3800 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامی قەزای چۆمان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، باوک و کچێک کە تەمەنی ١١ ساڵە کەوتوونەتە ناو رووباری چۆمان لە نزیک ناوپردان و بەهۆیەوە خنکاون. دەشڵێت، "تەرمی کچەکە دۆزراوەتەوە، بەڵام تیمەکانی فریاگوزاری سەرقاڵی دۆزینەوەی تەرمی باوکەکەن".


ئەمڕۆ چوارشەممە، سوارە ئەکرەم قائیمقامی قەزای چۆمان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەمڕۆ باوک و کچێکی بەرەگەز عەرەبی دانیشتووی شاری هەولێر کەوتوونەتە ناو روباری چۆمان لە نزیک ناوپردان و بەهۆیەوە خنکاون.

ئاماژەی بەوەشدا، کچەکە تەمەنی ١١ ساڵە و لەگەڵ باوکیدا بە مەبەستی گەشتکردن سەردانی ناوچەکەیان کردووە.

لەبارەی رووداوەکەشەوە، قائیمقامی قەزای چۆمان ئاشکرای کرد، کچەکە دەکەوێتە ناو روبارەکەوە و باوکیشی بەمەبەستی رزگارکردنی خۆی فڕێدەداتە ناو رووبارەکەوە و لە ئەنجامدا هەردووکیان دەخنکێن.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا تیمەکانی فریاگوزاری و بەرگری شارستانی تەرمی کچەکەیان دۆزیوەتەوە و سەرقاڵی دۆزینەوەی تەرمی باوکی کچەکەن.

هەروەها، لەلایەن خۆیەوە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران لەبارەی رووداوەکەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەمرۆ ئێوارە چوارشەممە ٤ی ٥ی ٢٠٢٢ منداڵێک لە رووباری چۆمان نزیک قوبەی گەڵاڵە کەوتە ناو رووبار و خنکا.

ئاماژەی بەوەشداوە، بەمەبەستی رزگارکردنی باوکی بەدوایدا خۆی فڕێدەداتە نێو رووبارو بەهەمان شێوە ئەویش دەخنکێت.

هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، "تیمەکانمان لە بەرگری شارستانی ئاگادارکرانەوە دەست بەجێ گەیشتنە شوێنی رووداو توانیان تەرمی منداڵەکە بدۆزنەوەو دەری بهێنن و رەوانەی نەخۆشخانە کرا لە ئێستادا تیمەکانمان بەردەوامن لە گەڕان بە دوای تەرمی باوکەکە".

راگەیەنراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، منداڵەکە ناوی دینا عەبدولرەزاق عەبدولقادرە و تەمەنی ۱۱ ساڵە و کچه و باوکی ناوی عەبدولرەزق عەبدولقادر عەبدولرەزاقە و تەمەنی ۳٨ ساڵە و بەڕەگەز عەرەبن دانیشتووی شاری هەولێرن بە مەبەستی گەشت و سەیران روویان لە ناوچەکە کردووە.


 

 

 

ئومێد چۆمانی -  هەولێر 













گەلەری