سەردێڕ:

هۆکاری خۆڵبارینەکەی سەر هەرێم ئاشکرابوو

PM:06:15:04/05/2022

40248 جار خوێندراوەتەوە

کەشناسێکی هەرێمی کوردستان هۆکاری خۆڵبارینی سەر هەرێمی ئاشکراکرد و دەڵێت، بیابانەکانی نێوان عێراق و سعودییە، عێراق و سوریا و ئوردون، عێراق و کوێت هۆکاری دروستبوونی خۆڵبارینەکەن. دەشڵێت، "چارەسەر کردنی ئەم دیاردەیە قورسە و پێویستی بە رێککەوتنی عێراق و سعودەیە و کوێت هەیە و بودجەیەکی زەبەلاحی دەوێت".


ئەمڕۆ چوارشەممە، سیروان ساڵح کەشناس و مامۆستای زانکۆ لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردەوە، ئەو ناوچانەی هۆکاری سەرەکی خۆڵبارینن لە عێراق و هەرێمی کوردستان و خۆرئاوای ئێران، بیابانەکانی نێوان عێراق و سعودییە، بیابانەکانی نێوان عێراق سووریا ئوردن، بیابانەکانی نێوان عێراق و کوێتن.

ئاماژەی بەوەشداوە، هەر ساڵێك باران کەم باری لەو بیابانانە خۆڵبارین زیاتر دەبێت، هەرکاتێك خێرایی با لەو بیابانانە زیادی کرد خۆڵبارین دروست دەبێت.

هەروەها، لەبارەی چارەسەرکردنی دیاردەی خۆڵبارینەوە ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە زۆر قورسە و پێویستی بە هەماهەنگی نێودەوڵەتی هەیە، عێراق و ئێران و سعودییە و کوێت زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت.

دەشڵێت، زۆر پێویستە ئەو چوار وڵاتە لەسەر ئاستی باڵا رێککەون بۆ دابینکردنی بودجەیەکی زەبەلاح بۆ سەوزکردن یان چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەو ناوچە بیابانیانەی کە سەرچاوەن بۆ دروستبوونی خۆڵبارین.

ئەو کەشناسەی هەرێم باسی لەوەشکردووە، چارەسەری دیاردەی خۆڵبارین هەیە، بەڵام پارە و بودجەیەکی یەکجار زۆری پێویستە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە شەپۆلیکی خۆڵبارین رووی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کردووە.

هاوکات، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم رایگەیاند، لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان سبەی دوای نیوەڕۆ خۆڵبارین کۆتایی دێت و ئاسمان ساماڵ دەبێت لە زۆرێک لەناوچەکانی هەرێمی کوردستان، لەبارەی ئەمڕۆشەوە دەڵێت، "لەناوچە شاخاوییەکانی دهۆک ئەگەری باران بارین هەیە."

هەروەها، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە ئەنجامی ئەو نزمە پەستانەی کە باشووری خۆرئاوای عێراقی گرتۆتەوە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ لەناوچەکانی ناوەڕاستی عێراق و مەودای بینین دابەزیووە بۆ کەمتر لە دوو کیلۆمەتر لەناوچەکانی کەرکوک و دووزخورماتوو.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشبینینی دەکرێت شەپۆلەکە کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان هەبێت لەکاتەکانی ئێوارەی ئەمڕۆدا بەتایبەتیش شاری هەوڵێر و دەوروبەری و ناوچەکانی گەرمیان و باشووری سڵێمانی کە مەودای بینینی ئاسۆیی کەمدەبێتەوە بۆ کەمتر لە دوو کیلۆمەت.

دەشڵێت، "کاریگەری ئەم شەپۆلە تاکاتەکانی بەیانی رۆژی پێنج شەممە بەردەوامی دەبێت."














گەلەری