سەردێڕ:

لە یادی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسماندا خانەوادەکەی راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە

PM:03:02:04/05/2022

4600 جار خوێندراوەتەوە

خانەوادەی سەردەشت عوسمان رایانگەیاند، ئەوان لە تاوانی تیرۆری سەردەشت و دەنگە ئازادەکان خۆش نابن، دەشڵێن، " وەک یەکەمین رۆژەکانی تیرۆری سەردەشت پێداگرین لەسەر داواکاری‌ و مافەکانمان بۆ بەسزاگەیاندنی تاونباران ‌و بکوژانی کوڕەکەمان."


بە بۆنەی تێپەڕینی ١٢ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان خانەوادەکەی راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و باسیان لەوەکردووە، ١٢ ساڵە ئەوان لە خوێنی جەستەی سەردەشت گیان ‌و روح ‌و دڵیان خوێناوی لێ دەتکێت.

دەڵێن، "١٢ ساڵە ئازاردان‌ و سزادانی رووحی ‌و جەستەیی سەردەشت ‌و ئێمە درێژەی هەیە، ١٢ ساڵە هەرچی دڵڕەقی ‌و دڕندەییە لەسەرمان تاقی دەکرێتەوە و ژیان ‌و بوونمانی هەنجن هەنجن کردووە و دەمانهاڕێت."

ئاماژەیان بەوەشداوە، دوای ئەو ماوە زۆرەش هێشتا بکوژانی سەردەشت لە لوتکەی دەسەڵاتن و تاوانباران بە ئازادی و بە ئاشکرا دەسورێنەوە و بەردەوامن لە ستەم و تاوانکاری و تیرۆری سەردەشتەکان هەروا بەردەوام بووە و ئەمە بووەتە دێوەزمەی سەر دڵی هەر کەسێک کە بیەوێ وشەی حەق بەم دەسەڵاتە زاڵم ‌و سەرکوتگەرە خێڵەکیە بڵێت.

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، ١٢ ساڵ پێداگری و سوربوونی سەرکردایەتی پارتی لەسەر ئەم تاوانە دڕندانەیە و پەنادانی تیرۆرستان و بکوژان بەڵگەی حاشاهەڵنەگری دوژمنایەتی کوێرانەی ئەم حزب و دەسەڵاتەیە لەگەل سادەترین ماف و ئازادیەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا.

دەشڵێن، "ئەوە سێ دەیەیە کۆمەڵگە و خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان یەخسیری دەسەڵاتی بە زۆر داسەپاوی دوو بنەماڵە و دەست و پێوەندەکانیانن، دوو بنەماڵە بۆ بەردەوامیدان بە ژیانی فیرعەونی و دەسەڵاتی ملهورانەی خۆیان لە هیچ تاوان و سەرکوت و ستەمکاریەک دەست ناپارێزن. سەردەشت و سەدانی وەکو سەردەشت، قوربانی بە گژاچونەوەی جەسورانەی ملهوریەکانی ئەم دەسەڵاتەن."

خانەوادەی سەردەشت عوسمان دەشڵێن، "لە ڕاستیدا ئەمرۆ شتێک نیە بەناوی دەسەڵاتی مەدەنی و سیاسی، هەموو خەڵکی کوردستان ئەو راستیە دەزانن ئەوەی لەم مەملەکەتەدا ناوی نراوە حکومەت و حوکمڕانی تەنها چەند حزبێکی میلیشیایین بەزەبری چەک کۆنترۆڵی دەسەڵاتیان کردووە. ئەو حزبانەش لەلایەن چەند بنەماڵەیەک کۆنترۆڵکراون."

لەبارەی ئازادی دادگاکانی هەرێمیشەوە ئاماژەیان بەوەداوە، "ئەگەر بۆ تەنها یەک ڕۆژ دادگایەکی سەربەخۆ، بەپێی ستانداردە جیهانیەکانی ئەمرۆ، لە کوردستان بوونی هەبێت ئەوا ئەم دەسەڵاتە کوردیە بە هەموو بەرپرسە باڵاکانیەوە، وەکو قاتل و دز و جەردە و فریوکار و تیرۆریست و گەندەڵ و بەکرێگیراو، راپێچی زیندان دەکرێن."

هاوکات باسیان لە دۆسیەی گیراوانی بادینان کردووە و دەڵێن، "دۆسیەی رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی بادینان لە فۆرمدا شانۆگەریەکی یاسایی بوو بۆ سەرکوتکردنی رۆژنامەنوس و هەڵسوڕاوانی سیاسی و جەماوەری بەکردەوە بەیانی راگەیاندنی سەرکوتگەری سیاسی بوو بۆ دەسەڵاتێکی پۆلیسی و دیکتاتۆر.

باس لەوەش دەکەن، دەسەڵاتی کوردی بە ئاشکرا و رەوان بە هەمووانی راگەیاند، کە نەیاری سیاسی ئەو دەسەڵاتە سزای لەسەرە و سزای زیندانی و تیرۆرە، ئەوان لەسەر ئەوە دادگایی و زیندانی نەکراون کە کردویانە، لەسەر ئەوە زیندانی کراون کە هەن.

راشیانگەیاند، "تیرۆری هەر سەردەشتێک چەندین سەردەشتی تر دەهێنێتە سەر شانۆی سیاسی و رێگایان هەموار و هەموارتر دەکات، بێگومان تێپەرینی کات ناتوانێ سەردەشت و دۆسیەکەی بکات بە ڕابردوو… ئێمە و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان لە تاوانی تیرۆری سەردەشت و دەنگە ئازادەکان خۆش نابین لەگەل تێپەرینی کات لە پەنادان و پاراستنی تاوانکاران و بکوژاندا. رق و توڕەییمان لەم تاوانکاری و ستەمگەریە زیاتر دەبیت و لەسەر دادگایی و سزای عادلانەی تیرۆری سەردەشت و هەموو تاوانکارە دەست خوێناویەکان هەموو کاتێک پێداگر و پێداگرتر دەبین."

باسیان لەوەشکردووە، "بە دڵنیایی دۆسیەی سەردەشت عوسمان یەکێک لەو دۆسیانەیە کە سەرانی دەسەڵاتداری کوردی لەسەری دادگایی دەکرێ ئەوانەی لە پشتی تیرۆرەکە وەستاون، ئەوانەی هەڵساون بە ئەنجامدانی تاوانەکە، لێژنەی لێکۆڵینەوە و ئەوانە لەپشتی داڕشتنی سیناریۆی هەڵبەستراو بە حەقی سەردەشت و خانەوادەکەی، ئەوانەی بە ناوی دادگا شانۆگەریەکی قێزەونیان نمایش کرد. ئەوانەی هەڕەشەیان دەکرد… چەندین تاوان و پێشێلکاریتر لەسەر ئەو دۆسیە و مەسەلەیە. هەموو ئەوانە بەشێکی ڕاستەوخۆ و بەشدارن لە تاوانی تیرۆری سەردەشت عوسمان و پەنادانی تاوانکاران و تیرۆرستان".

لە کۆتای راگەیەندراوەکەشدا دەڵێن، "ئەگەر ئەمڕۆش ئیدعایەکی عەدالەت هەیە، ئەوە دۆسیه‌ی تیرۆری رۆژنامه‌نوس سه‌رده‌شت عوسمان بە کراوەیی لەبەردەست هەمواندایە، ئەگەر لە هەرێمی کوردستاندا شتێک هەیە بە ناوی ماف و یاسا، دادگا و داد و داواکاری گشتی، ئەگەر شتێک هەیە بە پروپاگەندە و بانگیشەیەک هەیە بە ناوی دیموکراسی و پەلەمان و حکومەتی هاوڵاتی، ئەگەر شتێک هەیە بە ناوی عەدالەت و ویژدانی مرۆڤایەتی. ئەمڕۆ بکوژانی سەدەشت عوسمان ئاشکران، فەرموو با بە کردەوە بانگیشەکەی خۆیان نیشانبدەن لە دادگایی و سزادانی ئەو تاوانکارانەدا."

سەردەشت عوسمان رۆژنامەنووسێکی تەمەن ٢٣ ساڵ بوو ١٢ ساڵ لەمەوبەر لە کاتێکدا خوێندکاری قۆناغی چواری زانکۆ بوو، لەبەردەم كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەڵاحەدین رفێنرا و دواتر تەرمەكەی لە شەقامێكی شاری موسڵ دۆزرایەوە.













گەلەری