سەردێڕ:

زانیاری نوێ لەبارەی دۆخی شنگالەوە

PM:01:32:04/05/2022

4464 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئار تی لە شنگال رایگەیاند، ماوەی دوو رۆژە شەڕ لە شنگال راگیراوە و دۆخەکە ئارامە بەڵام سوپای عێراق بەردەوامە لە رەوانەکردنی هێزی زیاتر بۆ ناوچەکە.


بەگوێرەی قسەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، ترس و دڵەراوکێی هاوڵاتیان بەردەوامە و هاتوچۆکردن لەنێو سەنتەری شارەکان کەمیکردووە و بەردەوام بەرەو کەمپەکانی دهۆک دەڕۆن

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە کاتژمێر چواری ئێوارەی دووی مانگەوە بە بڕیارێکی عێراق، شەڕ لە نێوان هێزەکانی سوپای عێراق و هێزەکانی یەپەشە لە ناحیەکانی سنۆنێ و کۆمەڵگەی دگور لە شنگال راگیراوە.

لایخۆشیەوە، یەپەشە ئاماژەی بەوەداوە هەتا دوای جەژن شەڕ وەستاوە و ئەگەر بە گفتوگۆ نەتوانن کێشەکانیان لەگەڵ سوپای عێراق چارەسەر بکەن پێشبینی روودانی شەڕی زیاتر دەکەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە سوپای عێراق هێرشێکی سێ رۆژەی بۆ سەر زاڵگەکانی هێزەکانی یەبەشە دەستپیکردووە و بەپێی راگەیەندراوی سوپای عێراقیش هێرشەکان بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەو زاڵگانەیە کە رێگری لە هاوڵاتیانی شنگال دەکەن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان.

شنگال ناوچەیەکی جێناکۆکە و زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردانی ئێزدین و ٧٤ جار رووبەڕووی ئەنفالکردن بوونەتەوە لە مێژوودا و ئەمە دوومجارە کوردانی ئێزدی رووبەڕووی ئاوارەبوون دەبنەوە دوای ئاوارەبوونی یەکەم لەدوای هاتنی داعش ساڵی ٢٠١٤ کەدەیان هەزار خێزان ئاوارەبوون و سەدان گەنجیان کوژراو نزیکەی ١٠ هەزار کچی ئێزدیش داعش بەدیل گرتنی و کردنی بەسەبایا.













گەلەری