سەردێڕ:

چوارچێوەی هەماهەنگی: پێویستە لایەنە کوردییەکان لەسەر کاندیدی سەرۆک کۆمار ڕێکبکەون

AM:10:13:04/05/2022

4748 جار خوێندراوەتەوە

چوارچێوەی هەماهەنگی دەستپێشخەریەکی راگەیاند، داوادەکات لایەنە کوردیەکان لەسەر دیاریکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ڕێکبکەون و پەیوەندیەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەند ڕێکبخرێنەوە.


چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنە شیعەکانى عێراق، ڕاگەیەندراوێکی ١٨ خالی بڵاوکردەوە، بۆدەرچونی عێراق لە چەقبەستوویی سیاسی، لەراگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە پێویستە سەرجەم لایەنەکان بەرژەوەندیەکانی عێراق لەبەرچاوبگرن و لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن بەبێ هیچ مەرجێک.

لەبەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە، پێویستە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم رێکبخرێنو چارەسەری گونجاو بدۆزرێتەوە بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەپێی دەستوروەک دەرکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی و چۆنییەتیی بەڕێوەبردنی سامانی سرووشتیی وڵات و پشتوانیی هێزەکانی پاسەوانی هەرێم و پێشمەرگە.

سەبارەت بە پۆستى سەرۆک وەزیران، چوارچێوەى هەماهەنگى جەختدەکاتەوە کە ئەو پۆستە مافى گەورەترین پێکهاتەیە لەرێگەى گەورەترین کوتلەوە و پاشان رێککەوتن بکرێت لەسەر کاندیدى گونجاو، بەشێوەیەک هێزە بەشدارەکان بەرپرسیارێتى شکست و سەرکەوتن هەڵبگرن و پشتیوانى تەواوى بکەن.

دەستپێشخەرییەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە دوو بەش پێکدێت و لە بەشی یەکەمدا ئەو فڕاکسیۆنە لە نۆ خاڵدا داوای یەکلایکردنەوەی پرسی سێ سەرۆکایەتییەکە بە بێ مەرجی پێشوەختە دەکات و ئاماژە بەوەدەکات، پێشنییارەکەیان بۆ یەکلایکردنەوەی ئەو پرسە بە بێ مەرجی پێشوەختە لە خەمخۆری و هەستکردنیانە بە بەرپرسیارێتی دینی و ئەخلاقی.

باسی لەوەشکردووە، داوا لە سەرجەم لایەنەکەن دەکەن بە لەبەرجاوگرتنی دەستور و پاراستنی پڕۆسەی دیموکراسی لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و بەرژەوەندی گەل بکەنە لەپێشینەی کارەکانیان.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "پۆستی سەرۆک کۆمار گرنگه‌ و پارێزەری دەستور و یەکپارچەیی وڵات و سەروەریی عێراقە و پێویستە سەرۆک کۆمار کەسێکی لێهاتوو و دڵسۆز بێت و مێژوو و رەفتاری چاک بێت، لەسەر پارتە کوردستانییەکان پێویستە هەوڵبدەن لێک تێبگەن و رێککەوتن لەسەر کەسێک بکەن، کە خاوەن ئەو تایبەتمەندییانە بێت لە چوارچێوە کارپێکراوەکاندا".

لەبارەی پۆستی سەرۆک وەزیرانیشەوە چوار چێوەی هەماهەنگی باسی لەوەکردووە، پێویستە كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران ره‌زامه‌ندی ته‌واوی ئه‌و هێزانه‌ی هه‌بێت كه‌ به‌شداری حكومه‌ت ده‌كه‌ن و بەرپرسیارێتی شکست و سەرکەوتن و لێپرسینەوەی لە ئەستۆ دەگرن، هەروەها پێویسته‌ كاندیدی سه‌رۆكی وه‌زیران کارامەیی و راستگۆیی و ئەزمونی سیاسی و ئابوری هه‌بێت دەشڵێت ئەو پۆستە پۆستیکی گرنگە و دەبێت لە هەڵبژاردنیدا رەچاوی مافی زۆرینە بکرێت.

دەشڵێت، "لایەنە سیسیەکانی عێراق ئازادن لە بەشداریکردن یان بوون بە ئۆپۆزسیۆن لە حکومەتی داهاتوودا. "

لە دووەم بەشی دەستپێشخەریەکەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا باس لە گرێبەست و قەرزەکان دەکات لەگەل هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و گۆڕینی کارمەندانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن کراوە.

لەوبارەیەشەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی ده‌ڵێت، "پێویستە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکبخرێنەوە، بەشێوەیەک مافی هەمووان پارێزراوبێت و زۆر شەفاف بێت، هەروەها چارەسەری گونجاو بدۆزرێتەوە بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی سەرجەم دۆسیەکانی نێوانیان بەپێی دەستور، وەک دەرکردنی یاسای نەوت و غازی فیدراڵی و چۆنییەتیی بەڕێوەبردنی سامانی سروشتیی وڵات و پشتوانیی هێزەکانی پاسەوانی هەرێم و پێشمەرگە و پابەندبون بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە".

 













گەلەری