سەردێڕ:

لە ئەنجامی هێرشێکی داعش بۆ سەر نەخۆشخانەیەک ٢٥ کەس کوژران

AM:09:55:03/11/2021

3644 جار خوێندراوەتەوە

بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکدارانی داعش بۆ سەر نەخۆشخانەیەکی سەربازی لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان، ٢٥ کەس کوژران و ٥٠ کەسی دیکە برینداربوون.


زەبیحوڵا موجاهید وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، پێنج چەکداری داعش هێرشیانکردووەتە سەر نەخۆشخانەی سەردار محەمەد داودخانی سەربازی لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان، کە نەخۆشخانەیەکی ٤٠٠ قەرەوێڵەییە.

ئاماژەی بەوەشدا، چەکدارانی داعش بەنیازبوون کەسانی سیڤیل و پزیشک و نەخۆشەکان بە ئامانج بگرن، بەڵام لە ١٥ خولەکدا چەکدارانی تاڵیبان توانیویانە بەرپەرچییان بدەنەوە.

وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان ئەوەشی خستەڕوو، هێزەکانی تاڵیبان بە فڕۆکە لەسەربانی نەخۆشخانە دابەزیون و کۆنتڕۆڵی دۆخەکەیان کردووە.

لەلایەن خۆیەوە، نید برایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تویتەر ئیدانەی هێرشەکەی کرد و دەڵێت، "بە ئامانج گرتنی کەسانی پیشەیی و پزیشک و نەخۆش کارێکە جێگەی قەبوڵکردن نییە."

ئەمەش لەکاتێکدایە، دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستان لەلایەن چەکدارانی تاڵیبانەوە، گروپی چەکداری داعشی خۆراسان هێرشیان لە چەند ناوچەیەکی جیاجیا لەو وڵاتە ئەنجامداوە، لە دیارترینییان هێرشەکانی سەر دوو مزگەوتی پەیڕەوکارانی شیعە بەزهەب بوو لە شاری نەنگەهار کە چەندین کەس گیانیان لەدەستدا و برینداربوون.

کـ. ئـ













گەلەری