سەردێڕ:

وەزارەتی کارەبا بۆ ئێن ئاڕ تی: کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا ئاسایی دەبنەوە

PM:08:28:28/04/2024

1856 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی کاربەڕێکەر بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند،هەوڵەکان چڕترکراونەتەوە بۆ ئەوەی لە رووی تەکنیکییەوە هەناردەی گاز لە کێڵگەی کۆمۆڕ ئاسایی بکرێتەوە و لەگەڵ ئاسایبوونەوەی هەناردەی غاز دەتوانن لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا دۆخی دابەشکردنی کارەبا ئاسایی بکەنەوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، ئومێد محەمەد وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە هەوڵدان بۆ ئاسایبوونەوەی دۆخی کارەبا و لە ئێستاشدا ئەوەی ماوەتەوە پەیوەستە بە ئاسایی بونەوەی دۆخی هەناردەی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر هەناردەی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ئاسایی بێتەوە و سەرجەم وێستەگەکانی کارەبا غازی پێویستیان پێبگات ئەوە وەزارەتی کارەبا دەتوانێت لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا دۆخی دابەشکردنی کارەبا لەسەرجەم شارەکان ئاسایی بکاتەوە.

باسی لەوەش کرد، لەکاتی بە ئامانجگرتنی کێڵگەی کۆرمۆر لەرێگای هەوڵ و پاڵپشتی وەزیری کارەبای حکومەتی کاربەڕێکەر هەرێم تواندرا رێگە لە کوژانەوەی گشتی کارەبا بگیرێت. وتیشی، "سوپاسی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی کاربەڕێکەر دەکەین کە هاوکارمان بوون لەرێگای بەردانەوەی ئاوی بەنداوی دووکان و دەربەندینخان بۆ کارپێکردنی یەکەکانی کارۆئاوی".

ئەوەش لە کاتێکدایە رۆژی ٢٦ـی نیسان وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بڵاویان کردەوە، بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە و بەوهۆیەوە نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.













گەلەری