سەردێڕ:

بە فەرمانی سودانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی کۆرمۆر پێکهێنرا

PM:11:06:26/04/2024

2020 جار خوێندراوەتەوە

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، بە فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لیژنەیەک پێکهێنرا بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر.


ئەمڕۆ هەینی، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، ئیدانەی هێرشی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەن و ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە دەدۆزنەوە و بە سزای خۆیان دەگەیەنرێن.

ئاماژەی بەوەش کرد، بە فەرمانی محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لیژنەیەک پێکهێنرا بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر.

لای خۆیەوە، وتەبێژی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، داوای هەماهەنگی و هاوکاری بەپەلە لە دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق دەکەن تاکو ئەنجامدەرانی هێرشەکەی سەر کێلگەی غازی کۆرمۆر بدۆزنەوە و رادەستی یاسایان بکەن.

ئەمەش لەدوای ئەوە دێت، ئێوارەی ئەمڕۆ لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ناوچەی قادرکەرەم لە سنووری چەمچەماڵ و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.

دوابەدوای هێرشەکە، وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بڵاویان کردەوە، بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە و بەوهۆیەوە نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.













گەلەری