وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ١٠٤ کەس بەهۆی بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستدا ژمارەی گیان لەدەستدان بۆ ٢٩ هەزار و ٥١٤ کەس لە ناوچەکەدا بەرزبووەوە.
ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل پێی ناوەتە ١٤٠ رۆژ بەردەوامی و لەدوایین هێرشی ئیرسائیل بۆ سەر ناوچەکە ١٠٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٦٠ کەسیش بریندار بوون.
ئاماژە بەوەش کراوە، بەپێی دوایین ئامار لە ئەنجامی بەردەوامی هێرشيکان بۆ
سەر ناوچەکە ٢٩ هەزار و ٥١٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٦٩ هەزار و ٦١٦ کەسی دیکەش
بریندار بوون.
باس لەوەش کراوە، هێشتا بەشێک لەوانەی لە هێرشەکاندا گیانیان لەدەستداوە لە
ژێر داروپەردووە رووخاوەکاندا یان لە کەناری رێگاوبانەکاندا ماونەتەوە کە بەهۆی رێگرییەکانی
ئیسرائیلەوە ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن و تیمەکانی بەرگریی شارستانی ناتوانن دەستیان
پێیان بگات.
رۆژی ٢١ـی مانگی شوبات ئەمیر
فەیسەڵ وەزیری درەوەی سعودیە رایگەیاند، وڵاتانی رۆژئاوا و لەنێویاندا ئەمریکا،
ئامادەی گفتۆگۆکردنن سەبارەت بە دانپێدانانی دەوڵەتی فەڵەستین لەپێناو سەقامگیربوونی
دۆخی غەززە و کۆتایی هاتنی جەنگی نێوان حەماس و ئیسڕائیل.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی
رۆژی ٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، بزووتنەوەی حەماس لە رێگەی هەزاران موشەکەوە هێرشی
کردە سەر ئیسرائیل، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە دووبارە لە نێوان فەڵەستین و ئیسرائیلدا
جەنگ هەڵبگیرسێتەوە و ببێتە هۆی ئەوەی هەزاران کەس لە هەردوو گیان لەدەستبدەن و بریندار
ببن.