سەردێڕ:

ئێران: لەگەڵ سعودییە گەیشتووینەتە نەخشە رێگایەک بۆ رێککەوتن

AM:08:32:30/04/2022

2888 جار خوێندراوەتەوە

باڵیۆزی ئێران لە بەغدا رایگەیاند، بەرپرسانی ئێران و سعودیە لەسەر نەخشەڕێگایەک گەیشتوونەتەر رێککەوتن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان.


ئیرەج مەسجیدی باڵیۆزی ئێران لە بەغدا بۆ ئاژانسی فەرمی ئێرنای وڵاتەکەی ئەنجامی دانوستانەکانی نێوان ریاز و تارانی هەڵسەنگاند کە لە بەغدای پایتەختی عێراق بەڕێوەدەچن و بەردەوامییان هەیە.

ئاماژەی بەوەدا، ئەنجامی دانوستانەکان ئەرێنی بوون و لە خولی پێنجەمی دانوستانەکاندا کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە نێوان شاندەکان بەڕێوەچوو، هەردوولا لەسەر نەخشەڕێگایەک گەیشتە رێککەوتن.

ئەوەشی خستەڕوو، رێککەوتنی هەردوولا لەسەر دانانی نەخشەڕێگایەکی لەو جۆرە گرینگی خۆی هەیە.

لەبارەی کردنەوەی باڵیۆزخانەکانی ئێران و سعودییە لەو دوو وڵاتە، ئیرەج مەسجیدی ئەوەشی ئاشکرا کرد، "خولەکانی داهاتووی دانوستانەکانمان بابەتی سەرلەنوێ کردنەوە یان نەکردنەوەی باڵیۆزخانەکانمان بەڕووی یەکدا، دیار دەخات".

ئەمە لەکاتێکدایە، زیاتر لە ساڵێکە ئێران و سعودییە بەناوەندگیری عێراق گفتوگۆکانی نێوانیان دەستی پێکردووەتەوە بە ئەمانجی ئاسایی کردنەوەی پەیوەدنییەکان و کۆتایی هێنان بەو گرژی و ئاڵۆزییانەی بەهۆی شەڕەکانی یەمەن و سوریا و عێراق و لوبنانەوە کەوتبووە نێوان ئەو دوو وڵاتە.













گەلەری