سەردێڕ:

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم لەسەر هێرشەکانی شەوی رابردوو پەیامێکی بڵاوکردەوە

AM:08:43:13/03/2022

17676 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١٢ موشەک لە سنورەکانی دەرەوەی عێراق و لە رۆژهەڵاتەوە ئاراستەی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر کران.


ئەمرۆ یەکشەممە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لەبارەی هێرشە موشەکییەکانی سەر کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، شەوی ١٣/١٢-٣-٢٠٢٢. پاش کاتژمێر یەکی بەرەبەیان، ١٢ مووشەکی دوورمەودای بالیستی لە سنوورەکانی دەرەوەی عێراق، لە رۆژهەڵاتەوە ئاراستەی باڵەخانەی نوێی کۆنسولخانەی ئەمەریکی لە هەولێر کران.

ئاماژەی بەوەشداوە، ناوچە سڤیل نشینەکانی نزیک بارەگای کەناڵی کوردستان ٢٤ و دەوروبەری بەر هێرشەکە کەوتن، دەرئەنجام زەرەر و زیانی ماددی بەر باڵەخانە وخانووەکانی ئەو ناوچەیە کەوتووە.

راگەیەنراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تەنیا هاووڵاتییەک بە سووکی بریندار بووە وهیوای سەلامەتی و چاکبوونەوەی خێرای بۆ دەخوازین.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش دەستیان بە لێکۆلینەوەکان کردووە و دواتر رای گشتی لە ئەنجامەکان ئاگادار دەکەینەوە.

دەشڵێت، "لە کاتێکدا ئەم هێرشە ترسنۆکانەیە شەرمەزار دەکەین، ھاووڵاتییانی خۆشەویستی پایتەخت و خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە هەولێر ئارامە وهەر بە ئارامی دەمێنێتەوە".













گەلەری