سەردێڕ:

لە ئێن ئاڕ تییەوە زانیاری نوێ لەبارەی دۆسیەی کوژرانی ماریا

PM:10:20:07/03/2022

29216 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەتۆمەتی کوشتنی ماریا مامێکی دەستگیرکراوە و پۆلیس بەدوای برایەکیشیدا دەگەڕێت.


هۆگر گەڵاڵی وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەتۆمەتی کوشتنی ماریای ٢٠ ساڵ، مامێکی دەستگیرکراوە، لە ئێستاشدا لێکۆڵینەوە و گەڕان بەدوای برایەکیدا بەردەوامە، کە نەبووەتە ١٨ ساڵ.

وتیشی، "بەوتەی مامەکەی برای ماریا هەستاوە بە ئەنجامدانی تاوانەکە، بەڵام هێشتا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و بەهۆی ئەوەی براکەی نەبووەتە ١٨ ساڵ بەگومانین، دەبێت براکەی دەستگیربکرێت و لێکۆڵینەوە ئەنجامبدرێت."

لەوبارەیەشەوە ئێن ئاڕ تی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ باوکی ماریا؛ چەندین زانیاری لەسەر ماریا و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی لەگەڵ خێزانەکەی دەستکەوتووە. باوکی ماریا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کچەکەی ناوی (ئیمان) بووە و ئەو ئایینی خۆی نەگۆریوە وەک ئەوەی باسدەکرێت، بەڵام لە ژیانی ئاساییدا حەزی لە بەکارهێنانی مەدالیای سەلیب هەبووە.

وتیشی، ماریا گرفتێکی وای نەبووە لەگەڵ هیچ کەسێکدا، تەنها ئەوە نەبێت لەگەڵ خێزانەکەیدا نەگونجاوە و نەیتوانیوە لەلایان بمێنێتەوە.

باوکی ماریا باسی لەوەشکرد، "هەر بەوهۆیەوە چەند ساڵێک لەمەوبەر بەشووماندا، بەڵام سەرینەگرت و جیابووەوە."

باوکی لە زاری خۆیەوە کوڕەکەی تۆمەتبار دەکار و دەشڵێت، "براکەی لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٤ـە و بەهۆی خوێندنەوە کراوەتە ٢٠٠٣ لەسەر ناسنامە"، وتیشی، "کە لە رابردوودا زۆر بیری لێکردووەتەوە و خەمی لێخواردووە."

باوکی ماریا باسی لەوەشکرد، "کوڕەکەم کۆتا جار لەگەڵ مامێکیدا بووە، کە پێی وتووە دەچم کارێکم هەیە وەرە لەگەڵم."

ئيمان سامی مەغديدی تەمەنی ٢٠ ساڵ ناسراو بە ماریا؛ شەوی رابردوو تەرمەکەی بە کوژراوی لەسەر شەقامی ١٠٠ مەتری هەولێر دۆزرایەوە و پۆلیسی هەولێریش هێشتا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە رووداوەکە.

کوژرانی ماریا نارەزایەتی بەشێکی هاوڵاتیانی لێکەوتەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نارەزایەتی خۆیان دەربڕیوە، هەندێکیان باس لەوەدەکەن، "ناکرێت بەبیانووی ئەوەی بیرکردنەوەی جیاوازە کوژرابێت"، هەندێکیش دەڵێن، "کوشتنی ژنان زیادیکردووە و جێگای نیگەرانییە."

بەپێی وتەی چالاکوانانیش؛ لە هەرێمى کوردستان و لە ماوەى دوو مانگى سەرەتاى ئەمساڵدا ١٥ ژن کوژراون، کە دووایینیان ئیمان بوو.

May be a black-and-white image of one or more people and indoor













گەلەری