سەردێڕ:

وەڵامێک لە حکومەتی هەرێمەوە بۆ دادگای فیدڕاڵی

PM:10:50:15/02/2022

20052 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیارێکی دەرکرد و تیایدا باسی لەوەکرد، کە فرۆشتنی نەوت و گاز لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە نادەستورییە، لەو بارەیەوە حکومەتی هەرێم وەڵامی دادگاکەی دایەوە.


حکومەتی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق نادادپەروەرانە و نادەستورییە و دژ بە ماف و دەسەڵاتە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستانە و قبوڵکراو نییە و پێویست بوو دادگا لێکۆڵینەوەکانی فراوانتر بکات و رەچاوی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستانی بکردایە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "حکومەتی هەرێم دەستبەرداری مافەکانی هەرێمی کوردستان نابێت کە لە دەستوری عێراقدا جێگیرکراون، لەم سۆنگەیەشەوە حکومەتی هەرێم لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دەستوری بنەڕەتی بۆ ئەم بابەتە، سەرەڕای ئەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای کرد و هەوڵیدا کە ئەم داوایە دوابخرێت و دەرفەتێک بدرێت بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی داهاتوودا رێکبکەوێت."

راشیگەیاندووە، "حکومەتی هەرێم هەموو رێکارێکی دەستوری و یاسایی و دادوەری دەگرێتەبەر بۆ دەستەبەرکردن و پاراستنی هەموو ئەو گرێبەستانەی کە لە بواری نەوت و گازدا کراون."

ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی عێراق فرۆشتنی نەوتی سەربەخۆی هەرێمی کوردستانی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، بە نادەستوریی ناوبرد و داوای رادەستکردنی دۆسیەی نەوتی هەرێم دەکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەی هەشت ساڵە کەمتر لە سەدا٤٠ی داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنێرێتەوە خەزێنەی حکومەت و ئەوەی دیکەی دیار نییە. هەندێک جاریش بە تایبەتی بە نەوتی کەرکوکەوە حکومەتی هەرێم رۆژانە نزیکەی ٧٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە.













گەلەری