سەردێڕ:

هۆشیار زێباری: بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دژ بە من نادادپەروەرانە بوو

PM:03:39:13/02/2022

7380 جار خوێندراوەتەوە

هۆشیار زێباری رایگەیاند، پێشتر لە دادگا ئەستۆپاکی خۆم سەلماندووە. دەشڵێت، " بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دژ بە من نادادپەروەرانە بوو".


ئەمرۆ یەکشەممە، هۆشیاری زێباری کاندیدی دورخراوەی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، "خزمەتی ئەم وڵاتەم کردووە بەهەموو پاکی و بەردەوامبوون و دادپپەروەرییەوە کردووە ،ژیانی سیاسی ئێمە و رەفتار باشیمان پاکتر و روونترە لەو بەفرەی لە سەر لوتکەی حەسارۆستە".

ئاماژەی بەوەشدا، "کاندیدی مەسعود بارزانی بووم، ئەمە بۆ من هەموو شتێکە".

هۆشیار زێباری وتیشی، دۆسیەکەی لە دادگا داخرابوو، بەڵام ئەم بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی سیاسی بووە و لایەنی سیاسیشی لە پشتەوە بووە. دەشڵێت، "بابەتەکە لە من گەورەترە".

ئاماژەی بەوەشدا، "بەگوێرەی دەستور و یاسا هەموو مەرجەکانی کاندید بوونم تێدابوو."

لەبارەی لێسەندنەوەی متمانە لەلایەن پەرلەمانەوە کاتێک وەزیری دارایی عێراق بووە، ئاماژەی بەوەشدا، "بە دانپێدانانی هەموو لایەک لەماوەی رابردوودا کە پەرلەمان ماتمانەی لێسەندمەوە سیاسی بوو. دواتر چومە بەردەم دادگا و سەرجەم بابەتەکانمان تەواوکرد و ئەستۆپاکی من سەلمێنرا".

 

لەبارەی مامەڵەکردنی پارتی لەدوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵییەوە، هۆشیار زێباری ئاماژەی بەوەشدا، دوای ئەم بڕیارە سەرکردایەتی پارتی بە دۆسیەکانیدا دەچێتەوە چونکە بڕیارەکە سیاسییە.

ئاشکراشی کرد، "تا ئێستا جگە لە من پارتی ھیچ کاندیدێکی تری نیە بۆ سەرۆک کۆمار".

لەبارەی هەڵوێستی پارتییەوە، هۆشیار زێباری وتی، سبەی کۆبونەوە دەکەن و بە ھەموو بژاردەکانیاندا دەچنەوە.

هەروەها، لە بارەی هاوپەیمەنێتی نێوان پارتی و لایەنە شیعیەکان هۆشیار زێباری ئەوەشی خستەڕوو، "هاوپەیمانیەتیەکە لە من و هەموو کەس گەورەترە، بەڵام دەبوایە هاوپەیمانانمان پشتی ئێمەیان بگرتایە".

وتیشی، بە پێی زانیاریەکانیان تائێستا ئەنجومەنی هەڵبژاردنەکان هیچ کاندیدێکی نوێیان وەر نەگرتووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ یەکشەممە، دادگای باڵای فیدڕاڵی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا بریاریدا بە دوورخستنەوەی ھۆشیار زێباری لە کاندیدی سەرۆک کۆمار.

رۆژی ٦ی ٢ی ٢٠٢٢ دادگای فیدڕاڵی عێراق لە راگەیەنراوێکیدا ئاشکرای کرد، لەسەر سکاڵای ئەو کەسانەی لە رێکەوتی ٣١ی ١ی ٢٠٢٢ لە سەر خۆکاندید کردنی هۆشیار زێباری تۆمارکرابوو، دادگا بڕیاریدا بە راگرتنی سەرجەم رێوشوێن و رێکارەکانی هەڵبژاردنی هۆشیار زێباری بەشێوەی کاتی تا کاتی یەکلایی کردنەوەی دۆسییەکەی.

سکاڵاکەش لەلایەن چوار پەرلەمانتاری پەرلەمانی عێراق کە بریتی بوون لە عەلی توركی جسوم، دیلان غەفور ساڵح، كاروان عەلی یاروەیس و كەریم شكور تۆماركرا و تیایدا ئاماژەیان بەوەداوە كاندیدكردنی زێباری پێچەوانەی ئەحكامەكانی دەستوورە.

دواتر، لە ٩ی ٦ی ٢٠٢٢ دادگاى فیدراڵى عێراق ئەمڕۆی وەک کۆتا رۆژی یەکلایی کردنەوەی کەیسەکەی هۆشیار زێباری دەستنیشانکرد.

بەهۆی بڕیارەکەی دادگاوە بەشێک لە لایەنەکان بڕیاریاندا، کە بەشداری دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار نەکەن و دانیشتنەکە بەڕێوەنەچوو.

هەرهەمان رۆژ سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا جارێکی دیکە دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بکاتەوە و تاوەکو کاتژمێر ٣ی رۆژی یەکشەممە بەردەوام دەبێت.













گەلەری