ئەمڕۆ دانیشتنی خولی پەرلەمانیی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو و تیایدا بە دەنگی ١٨٠ پەرلەمانتار، شاخەوان عەبدوڵا وەک جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا.
شاخەوان عەبدوڵڵا، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و بە ١٨٠ دەنگ لە کۆی ٢٢٦ پۆستەکەی بەدەستهێنا.
شاخەوان عەبدوڵڵا ئەحمەد، لە ساڵی ١٩٧٩ لە گەڕەکی شۆڕیجەی
شاری کەرکووک لەدایکبووە و هەڵگری بڕوانامەی
بەکالۆریۆس لە یاسا و لە سەربازیدا، ماستەر و دکتۆرای لە یاسادا بەدەستهێناوە و لە
خولی سێیەمی پەرلەمانیشدا ئەندامی پەرلەمان بووە.
پاش هەڵبژاردنی محەمەد حەلبوسی بە سەرۆکی پەرلەمانی
عێراق؛ حاکم زاملی لە فراکسیۆنی سەدر بە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان ھەڵبژێردرا.
لە سەرەتای دانیشتنەکەدا گرژی دروستبوو و مەحمود مەشهەدانی
سەرۆکی کاتی پەرلەمان بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە.
پاش ئەوەی جارێکی دیکە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکردەوە
و خالید دەراجی دانیشتنەكەی وەک سەرۆکی کاتیی بەڕێوەبرد و لە یەکەم کاریشیدا هەڵبژاردنی
سەرۆکی پەرلەمان بوو، کە محەمەد حەلبوسی بە سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرایەوە و کاندیدی
بەرامبەری مەحمود مەشهەدانی بوو.
لە دەنگدانەکەدا ٢٢٨ لە کۆی ٣٣٢ پەرلەمانتار دەنگیان داوە
و محەمەد حەلبوسی ٢٠٠ دەنگی بەدەستهێناوە و مەحمود مەشهەدانی ١٦ دەنگی بەدەستهێناوە
و ١٤ دەنگیش پوچەڵ بووە.
لە دانیشتنەکەدا هەریەکە لە یەکێتی و چوارچێوەی هەماهەنگی
بەشدار نەبوون و دەنگیان نەدا.
دەبێت ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان ٥٠+١ی دەنگی پەرلەمانتاران
بەدەستبهێنێت، واتە ١٦٥ دەنگ لە کۆی ٣٢٩ پەرلەمانتاری ئامادەبوو بەدەستبهێنێت.
دواتر لەماوەی ١٥ رۆژدا دەبێت سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت و پاشان سەرۆک کۆمار کەسێک
بۆ پێکهێنانی حکومەت رابسپێرێت.