AM:09:41:30/07/2025
1176 جار خوێندراوەتەوە
ئەمڕۆ ٤٢ ساڵ بەسەر ئەنفالکرانی بارزاندا تێدەپەڕێت، کاتێک لەلایەن رژێمی بەعسەوە زیاتر لە هەشت هەزار کەس لە زێدی خۆیانەوە بەرەو خوارووی عێراق و دواجاریش بۆ کۆمەڵگە زۆرەملێیەکان راگوێزران، لە ٣١ی تەمموزی ١٩٨٣دا بەبیانووی بردنیان بۆ کۆبوونەوەیەک لە شاری کەرکوک، لە بیابانەکانی نوگرە سەلمان و عەرعەر زیندەبەچاڵ کران.
لە بەرواری ئەمڕۆدا ٣٠ تەمموزی ٢٠٢٥، واتە ٤٢ ساڵ لەمەوبەر، لە كۆمەڵگەكانی هەریر و قوشتەپە و دیانا، هەشت هەزار کەس لە بارزان دەستگیركران، دواتر راگواستران بۆ خوارووی عێراق و لە چەند گۆڕێكی بە كۆمەڵدا زیندەبەچاڵ كران، تا ئێستاش رووفاتی زیاتر لە ٦٠٠ كەس دۆزراونەتەوە و گەڕێندراونەتەوە بۆ زێدی باب و باپیرانیان و لە گۆڕستانی جینۆسایدکراوانی بارزان بە خاک سپێردراون، ھێشتا رووفاتی زیاتر لە حەوت ھەزار و ٣٠٠ کەسی دیکە ماون کە بدۆزرێنەوە.
دوای ئەوەی لە
ساڵی ١٩٧٩، رژێمی بەعس تەواوی ھۆز و تیرەکانی سەر بە بارزان، وەک بەڕۆژی، نزاری،
مزووری، شێروانی، دۆڵەمەری، گەردی و ھەرکی بەمەبەستی کپکردنی ھەستی نەتەوایەتیی و
بێدەنگکردنی ھاواری کوردایەتی، بۆ کۆمەڵگە زۆرەملێکان گواستەوە، لە ھاوینی ساڵی
١٩٨٣، رژێمی بەعس ھەڵمەتێکی رەشبگیری لە ھەریەک لە کۆمەڵگەکانی دیانا، ھەریر،
بەحرکە و قوشتەپە دەست پێکرد و لەو ھەڵمەتەدا ھەشت ھەزار بارزانی بێتاوانی
ئەنفالکرد و بە ھەزاران ئافرەت و منداڵیش بێ سەرپەرشت مانەوە.
پلانی ئەنفالکردنی
خەڵكی كوردستان لەلایەن رژێمی بەعسەوە لە ساڵی ١٩٨٣ دەستیپێکرد و ئەمە دەستپێكی
شاڵاوێكی گەورەتری حزبی بەعس بوو كە ئامانجی لەناوبردن و قڕكردنی نەتەوەیەك بوو، لە
ئەنجامی ئەو شاڵاوەدا زیاتر لە ١٨٢ هەزار كورد بوونە قوربانی، جگە لەوەش نزیکەی
چوار هەزار و ٥٠٠ گوند و شارۆچکەش رووخێندران، سەرجەمی ئەو تاوانانەش بە بەڵگە
سەلمێنران و لە کاتی بەڕێوەچوونی دادگەکانی تاوانباران لە سەرانی بەعس وەک بەڵگە
دانپێدانی لەسەر کرا.
بەپێی
ئامارەکانی پێشووی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان، تاوەکو
ئێستا سێ قۆناغی هێنانەوەی رووفاتی بارزانییەکان هەبووە، ئەوانیش قۆناغی یەکەم
ساڵی ٢٠٠٥ بوو کە ٥٠٣ رووفات، قۆناغی دووەم ساڵی ٢٠١٤ بوو کە ٩٣ رووفات و قۆناغی
سێیەم ساڵی ٢٠٢٢ بوو تێیدا ١٠٠ رووفات گەڕێنرانەوە، بەمەش تەنیا رووفاتی ٦٩٦
ئەنفالکراو هێنراوەتەوە، هێشتا رووفاتی زیاتر لە حەوت هەزار بارزانی لە خوارووی
عێراق ماون.