سەردێڕ:

کێ هەوڵی کوشتنی مستەفا کازمیدا؟

PM:08:47:08/11/2021

5704 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئەو هێرشەی لەلایەن درۆنەکانەوە کرایە سەر ماڵی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەلایەن چەند گروپێکی پشتیوانیکراو لەلایەن ئێرانەوە ئەنجامدراوە.


ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری چەند چاوگێکەوە رایگەیاندووە، زیاتر لە یەک گروپی چەکداری نزیک لە ئێران هێرشیانکردووەتەوە سەر ماڵی سەرۆک وەزیرانی عێراق.

ئاماژەشی بەوەشداوە، ئەو درۆنانەی هێرشەکانیان پی ئەنجامدراوە و ئەو تەقەمەنییانەی لە هێرشەکەدا بەکارهێنراون لەلایەن ئێرانەوە دروستکراون.

رۆیتەرز باسی لەوەشکردووە، کەتیبەکانی حزبوڵا بەشداریانکردووە لە هێرشەکەی سەر ماڵی کازمی، بەڵام ناتوانرێت بەشداربوونی عەسائیبی ئەهلی حەق پشتڕاست بکرێتەوە.

ئەمڕۆش، محەمەد مەهدی خالیسی، یەکێک لە مەرجەعە گەورەکانی بەشێک لە شیعەکانی عێراق و نزیک لە گروپە چەکدارەکان لە تویتەری خۆی رایگەیاند، "مستەفا کازمی بە هۆکاری ئەوەی لەلایەن ئەمریکاوە دانراوە، بۆیە لەلایەن گروپەکانی بەرگرییەوە بە ئامانج گیراوە."

دەشڵێت، "هەر کەس ئیدانەی بەرگریکردن بکات، ئەوا خۆی دەخاتە سەنگەری بەرگریکردن لە داگیرکار و هاوکارەکانی، ملکەچبوون بۆیان."

درەنگانێکی شەوی شەممە، سەرۆک وەزیرانی عێراق روبەڕوی هەوڵێکی کوشتنی شکستخواردوو بووەوە کاتێک لە رێگەی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشکرایە سەر ماڵەکەی لە ناوچەی سەوزی شاری بەغدا.

دوابەدوای هێرشەکە کازمی وتی، "موشەکە ترسنۆک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ترسنۆکەکان وڵات بونیادنانێن و دواڕۆژ بونیادنانێن."

هاوکات، قەیس خەزعەلی ئەمنیداری گشتی عەسائیبی ئەھلی حەق وتی، "دوای بینینی دیمەنی تەقینەوەکان و نەبوونی ھیچ زیانێک، داواکەن لیژنەیەکی ھونەری تایبەت پێکبھێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و دڵنیابوون لەوەی رووداوەکە راستییە و دروستکراو نییە، ئەوکات ئامادەن ئیدانەی بکەن."

ئەبو عەلی عەسکەری بەرپرسی ئەمنی گروپی چەکداری حزبوڵای عێراق دەڵێت، "ھەرکەس بییەوێت زیان بەو بوونەوەرە فەیسبووکییە (مستەفا کازمی) بگەیەنێت رێگەی دیکە زۆرن بیانگرێتەبەر."













گەلەری