سەردێڕ:

دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکرد؛ سەرۆکی نوێ هەڵدەبژێردرێت؟

PM:03:32:09/05/2024

3352 جار خوێندراوەتەوە

کەمێک لەمەوبەر دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکرد و بە گوێرەی کارنامەی دانیشتنەکە، بڕیارە دەنگ لەسەر چەند پڕۆژەیاسایەک بدرێت. رۆژنامەی سەباحیش بڵاوی کردەوە، پەرلەمانى عێراق بە نیازە وەرزى یاسادانان درێژ بکاتەوە بۆ ئەوەى هەموارى بودجە پەسەند بکرێت و سەرۆکێکى نوێ بۆ پەرلەمان هەڵببژێردرێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی موحسین مەندەلاوی دەستی پێکرد و چەند پڕۆژەیاسایەک خوێندنەوەیان بۆ دەکرێت و دوو پڕۆژەیاساش دەنگیان لەسەر دەدرێت.

لەلایەکی دیکەوە،رۆژنامەى سەباح بڵاوی کردەوە، پێدەچێت لە دانیشتنى ئەمڕۆدا، پەرلەمانى عێراق وەرزى یاسادانان بۆ ماوەى مانگێک درێژ بکاتەوە بۆ ئەوەى کاتى هەبێت پرۆژە یاساى هەموارى بودجە پەسەند بکات و سەرۆکێکى نوێش بۆ پەرلەمان هەڵببژێردرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە حکومەتى عێراق بە نیازە بەمزووانە پرۆژەیاساى هەموارى بودجە رەوانەى پەرلەمان بکات بۆ ئەوەى پەسەند بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش چەند ئاماژەیەکى داوە بە پەرلەمان، ئەوەش وەکو ئامادەکارییەک بۆ ئەوەى پەرلەمان وەرزى یاسادان درێژ بکاتەوە.

هاوکات، عەقیل فەتلاوى وتەبێژى فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا بە رۆژنامەکەى راگەیاندوە، سوننەکان کە ماوەى هەفتەیەک مۆڵەتیان پێدراوە بۆ ئەوەى لەسەر کاندێک بگەنە سازان، تا ئێستا هیچ رێکەوتنێکیان نەکردووە، ئەوەش وایکردووە چوارچێوەى هەماهەنگى دەستێوەردان لە بابەتەکەدا بکات، چونکە بە وتەى ئەو، چاوەڕوانى سوننەکان بۆ گەیشتن بە سازان هیچ سودێکى نییە.

پێشتریش، سەڵاح بوشی راوێژکاری سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ماوەی یەک مانگدا هەمواری یاسای بودجەی عێراق لە پەرلەماندا پەسەند دەکەن و بۆ ئەو مەبەستە پشووی یاسادانانی پەرلەمان دوا دەخەن.













گەلەری