سەردێڕ:

لەسەر ئاشکراکردنی داتاکانی داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا؛ بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی دورخرایەوە

PM:01:53:09/05/2024

15148 جار خوێندراوەتەوە

بە گوێرەی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، بەڕێوەبەری ژمێرکاری وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر بەهۆی ئاشکراکردنی داهاتی ناوخۆ لە راپۆرتی دارایی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بۆ بەغدا، بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر دورخرایەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، چاوگێکی ئاگادار لە ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی کاربەرێکەر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دوای ئەوەی محەمەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری ژمێرکاری لە راپۆرتی دارایی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، داهاتی ناوخۆی بۆ بەغدا ئاشکرا کردووە، ئەمڕۆ لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بە بڕیاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە و داواشی کردووە کە جارێکی دیکە راپۆرتی دارایی خشتەی داهاتی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ ئامادەبکرێتەوە بۆ بەغدا. وتیشی، " ئاشکراکردنی داهاتی ناوخۆ هۆکاری سەرەکی بووە بۆ دورخستنەوەی بەڕێوەبەری ژمێرکاری و دووبارە ئامادەکردنەوەی راپۆرتی دارایی مانگەکانی ٣،٢،١ کاتیکی زۆری دەوێت".

داهاتی ناوخۆی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ؛

لەسەر بنەماى نوسراوى وەزارەتى دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم کە بۆ بەغداى ناردووە و تیایدا ئاماژەى بەوە کردووە، داهاتى ناوخۆى هەرێم ٤٤٧ ملیار دینارە بۆ هەر مانگێک، و لە بەرامبەریشدا بەغدا داواى ناردنى ٩٠٥ ملیار دینارى لە هەرێم کردووە وەک داهاتى ناوخۆى هەردوو مانگى یەک و دووى رابردوو.

ئێن ئاڕ تى زانیویەتى، حکومەتی کاربەڕێکەر لە هەوڵیشدایە ئەو ژمارەیە کەم بکاتەوە کە وتویەتى داهاتى ناوخۆ ٤٤٧ ملیار دینارە و بە بەغدایان وتووە، کە ئەو ژمارەیەیان بە هەڵە نوسیوە، لە کاتێکدا مانگانە ٢٥ ملیار دیناریش لە هاوپەیمانان وەردەگرن بۆ مووچەى پێشمەرگە و بەردەوامیشن لە فرۆشتنى نەوت بە شێوەى قاچاغ، بەمەش تێکڕاى ئەم داهاتانە مانگانە بە زیاتر لە ٨٢٠ ملیار دینار دەخەمڵێندرێت.

داهاتی ناوخۆ لە چوار مانگی رابردوودا چەند بووە؛

سەرەڕای ئەوەی ئاوات جەناب وەزیری دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند، کە داهاتی ناوخۆی حکومەتی کاربەڕیکەر مانگانە ٣١٠ ملیار دینارە بەڵام لە هەفتەی کۆتای مانگی ئازاردا رایگەیاند کە داهاتی ناوخۆ ٣٤٥ ملیار دینارە.

هاوکات بەپێى ئامارەکەى خودى حکومەتى کاربەرێکەر، داهاتى چوار مانگى ئەمساڵى هەرێم تەنها لە داهاتى ناوخۆ ترلیۆنێک و ٧٨٨ ملیار دینارە، ئەگەر نەوتی قاچاغیشى بچێتە سەر، ئەوا داهاتى هەرێم لەم چوار مانگەدا دەکاتە سێ ترلیۆن و ١٨٨ ملیار دینار، واتە بە ئاسانى دەیتوانى سێ مووچەکەى کۆتایی ساڵى رابردووى لێ بدات، بەو پێیەى هەرێم پێویستى بە ٩٥٠ ملیار دینارە بۆ دابەشکردنى مووچەى یەک مانگ و هەر سێ مانگەش پێویستى بە دوو ترلیۆن و ٨٥٠ ملیار دینارە، هێشتا ٣٣٨ ملیار دیناریشى لێ زیادە.

ئەمەش لە کاتیکدایە جیاوازی داهات لە نێوان راپۆرتی بەڕێوسەبەری ژمێرکاری وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕیکەر و وەزارەتی دارایی مانگانە ٢٠٠ ملیار دینار بووە کەئەوەش دەرخەری ئەوەیە داهاتی ناوخۆ ساڵانە بە نزیکی ٣ بۆ ٤ ترلیۆن دیناری ناگەڕێتەوە سەر راپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر.

ئەوەش لە کاتیکدایە، دوو هەفتە بەسەر بڕیارەکەى حکومەتى کاربەرێکەر بۆ رادەستکردنى داهاتى ناوخۆ، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک نەخراوەتە سەر هەژماری بانکیى بەغدا، ئەوەش یەکێکە لە گرێکوێرەکانى نەناردنى مووچە و بەپێى دەستور و بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵیش، دەبێت هەرێم داهاتى ناوخۆ رادەستى بەغدا بکات، بەڵام ٢١ ساڵە یەکێتى و پارتى یەک دیناریان رادەستى عێراق نەکردووە.
هێرش قادر - هەولێر













گەلەری