سەردێڕ:

بانکی تی بی ئای بۆ ئێن ئاڕ تی؛ نازانین هەژماری من چییە

PM:08:08:04/05/2024

10064 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە بانکی تی بی ئای لەبارەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، وەک بانکی بازرگانی عێراق پابەند دەبن بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییەوە بۆ بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەژێر رێنمایی وەزارەتی دارایی عێراق. دەشڵێت، " هیچ زانیارییەکمان لەسەر هەژماری من نییە و ئێمە تەنها کار بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی دەکەین بۆ بەبانکیکردنی مووچە نەک هەژماری من".


ئەمڕۆ شەممە، چاوگێک لە بانکی تی بی ئای لەبارەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق هەژماری منی بەتەواوی رەتکردەوە، داواشی لێکردوون کە بە زووترین کات دەست بە بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بکەن.

 ئاماژەی بەوەش کرد، لەسەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەست بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەکەن و لە ژێر رێنمایی وەزارەتی دارایی بۆ سیستمی بەبانکیکردنی مووچە کاردەکەن. وتیشی، " هیچ زانیارییەکمان لەبارەی هەژماری منەوە نییە و ناشچنە پاڵ هیچ پڕۆژەیەک لەدەرەوەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق ".

هاوکات بە گوێرەی زانیارییەکان، بانکەکانی رەشید و رافیدەین لقەکانیان لە شارەکانی هەرێم دەکەنەوە و بەشدار دەبن لە پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوای فشارەکانی نەوەی نوێ و پێداگیری حکومەتی عێراق بۆ بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران لەڕێگای بانکی تی بی ئایەوە، پڕۆژەى هەژمارى منی مەسرور بارزانى نزیک بووەتەوە لە هەڵوەشانەوە و بەپێی نوسراوێک حکومەتی ماوە بەسەرچوو رازی بووە بە کردنەوەی هەژماری بانکی لە بانکەکانی تی بی ئای و رەشید و رافیدەین.

بیرۆکەی هەژماری من ئەوە بوو موچەخۆران تەنها لەو پێنج بانکە ژمارە حساب بکەنەوە کە پارتی و یەکێتی دیارییان کردوە، بۆ ئەوەی مووچەی مووچەخۆران لەژێر دەستی خۆیان بێت.

هاوکات، بەم هەنگاوە لە روویی کردارییەوە هەژماری من هەڵوەشایەوە، چونکە فەرمانبەر و مووچەخۆران سەرپشکن لەوەی لەو بانکە حکومییە عێراقییە ژمارەی بانکی بکەنەوە کە نەوەی نوێ ماوەی ٦ مانگ زیاترە داوای دەکات و ١١٩ واژۆی پەرلەمانتارانی بۆ کۆکردەوە.

هاوکات، نەوەى نوێ تائێستا دوو جار بە واژۆی پەرلەمانتارانى عێراق پرۆژەى ئامادە کردووە بۆ بەبانکیکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم لەڕێگەى بانکە حکومییەکانى عێراقەوە، کە نوێترینیان هەفتەی پێشوو بوو دژی هەژماری من ٨٦ واژۆی پەرلەمانتارانی عێراقیان کۆکردەوە و داوایان لە سەرۆک وەزیرانى عێراق کرد پرۆژەى هەژمارى منی پارتى و یەکێتى بەتەواوى رەت بکاتەوە، تا مووچەی مووچەخۆران لە دەستی پارتی و یەکێتی دەربهێنرێت.


 













گەلەری